دهۆک چاوی لە بردنەوەیەکی دیکەیە
رووداو دیجیتاڵ
یانەی دهۆک چاوی لە بەدەستهێنانی بردنەوەیەکی دیکەیە کاتێک لە یاریگەی خۆیدا بەرامبەر یانەی نەفت یاری دەکات.
لە درێژەی یارییەکانی گەڕی شەشەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق، ئەمشەو کاژێر 20:30 یانەی دهۆک لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا میوانداریی یانەی نەفت دەکات و رکابەری لەسەر بەدەستهێنانی دووەم سەرکەوتنی لەسەریەک دەکات.
لە گەڕی رابردوودا دهۆک لە دەرەوەی یاریگەی خۆی جیاواز لە یارییەکانی دیکە بە ئاستێکی بەرزەوە دەرکەوت و یەکەم بردنەوەی لە وەرزەکەدا تۆمارکرد، دوای ئەوەی لە یانەی نەورۆزی بردەوە، ئەمە یەکەم یاریی یانەکە دەبێت لە یاریگەی خۆیدا دوای ئەوەی عەبدولغەنی شەهد بووە راهێنەری یانەکە و چاوەڕواندەکرێت هەزاران هاندەر پاڵپشتیی ئەلهویێن چیا بکەن بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتنێکی دیکە.
یانەی دهۆک لە دوو رۆژی رابردوودا بە ئامانجی خۆ ئامادەکردنێکی باشتر و بەهێزکردنی لایەنی هزری و دەروونیی یاریزانەکانی دوور لە چاوی میدیاکان مەشق و راهێنانی کردووە و تیپەکە بۆ رکابەرییەکە ئامادەیە.
یارییەکە تایبەت دەبێت، لە کاتێکدا لە یانەی دهۆک عەلی یاسین، گۆڵپارێزی یانەکە رووبەڕووی یانەی پێشووی دەبێتەوە و لە یانەی نەفتیش ئیبراهیم غازی، رووبەڕووی یانەی پێشووی دەبێتەوە.
یانەی دهۆک بەر لەم یارییە لە هەنگاوێکی گەورەدا، یەکەم فرۆشگەی تایبەت بە یانەکەی کردەوە، کە کەلوپەلی تایبەت بە یانەکە دەفرۆشێت، رێستورانت و شوێنی پشوو وەرگرتنی تێدایە، جگە لەوەش یاریگەی یانەی دهۆک شاشەی ئەلیکترۆنیی بۆ دانراوە و ئەمڕۆ لەنێو یاریگەی دهۆکدا دیمەنی جوانتر بە یاریگە ببەخشن.