ریڤاڵدۆ رەخنە لە ئەلۆنسۆ دەگرێت و دەڵێ ڤینیسیۆس هەڵە بوو
رووداو دیجیتاڵ
ریڤاڵدۆی ئەستێرەی پێشووی بەرازیل و یەکێک لە دیارترین هێرشبەرەکانی مێژووی بارسێلۆنا، لەبارەی تووڕەبوونەکەی ڤینیسیۆس جۆنیۆر لە کلاسیکۆ، دەڵێ ڤینی هەڵەبوو، بەڵام ئەلۆنسۆش راست نییە.
لە کلاسیکۆی یەکەمی ئەمساڵدا، ریال مەدرید لە نێو سانتیاگۆ بێرنابیۆ 2 - 1 گۆڵ سەرکەوتنی بەدەستهێنا. ڤینیسیۆس جۆنیۆر لە خولەکی 75ی یارییەکەدا لەلایەن چابی ئەلۆنسۆی راهێنەری یانەکەوە دانیشێنرا، بەڵام ئەو بەتووڕەییەوە بڕیاری راهێنەرەکەی وەرگرت و بەدەنگی بەرز رووبەڕووی راهێنەری یانەکە بووەوە.
هەڵسوکەوتەکانی ڤینیسیۆس کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا. ئەو یاریزانە دوێنێ لە پەیامێکدا داوای لێبوردنی لە سەرۆکی یانەکە و هاندەران و هاوڕێکانی کرد، بەڵام لە پەیامەکەیدا ناوی ئەلۆنسۆی نەهێناوە.
ریڤاڵدۆ، لەبارەی هەڵسوکەوتەکانی هاونیشتمانییەکەیەوە دەڵێ، "ئەوەی ڤینی کردی راست نەبوو، من بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ هەڵسوکەوتەکانی نەبووم، بەڵام دەبێ هەندێک بیانووشی بۆ بهێنینەوە، لەبەرئەوەی بابەتەکە پەیوەندی بەتەنیا یەک یارییەوە نییە، بەڵکو بەزنجیرەیەک گۆڕانکاری پێکردن و هەڵوێستی دووبارەوە هەیە".
ریڤاڵدۆ زیاتر دەڵێ، "هەندێکجار ئەو راهێنەرەی کە ئەستێرەیەکی گەورە بووە و پێشتر پاڵەوان بووە، بەئاسانی ناتوانێ ئەوە قبووڵ بکات یاریزانێک ببێتە ئەستێرەی یەکەمی تیپەکە".
براوەی مۆندیالی 2002 لەگەڵ هەڵبژاردەی بەرازیل، هەڵوێستی خۆی لەبارەی شوێنی ڤینی لە ئێستای تۆپی پێی جیهاندا دیارییکردووە و دەڵێ، "خەڵک بەدڵیان بێت یان نا، ڤینیسیۆس تاوەکو ئێستا باشترین یاریزانی جیهانە بەپێی ریزبەندی فیفا".
ریڤاڵدۆ هەروەها رەخنە لە شێوازی مامەڵەی چابی ئەلۆنسۆ دەگرێت و دەڵێ، "راشکاوانە بڵێم، یاریزانێکی وەک ڤینیسیۆ سەروەتێکی گەورەیە بۆ ریال مەدرید و ناکرێ لە حەوت یاریی بەسەریەکەوە گۆڕانکاریی پێ بکرێت".
ئەو هەروەها دەڵێ، "رووداوی دانیشاندنەکە لە یارییەکی وەک کلاسیکۆدا قبووڵکراو نییە، تیپەکە بەجیاوازیی گۆڵێک لەپێش بوو، بارسێلۆنا دەکرا لە هەر ساتێکدا ئەنجامەکە یەکسان بکاتەوە، لە کاتێکدا ڤینی دەیتوانی لەبەرژەوەندیی ریال مەدرید یارییەکە کۆتایی پێ بهێنێت، بەڵام ئەلۆنسۆ ئەوی دانیشاند".
بەپێی ئەوەی سەرچاوە میدیاییەکانی ئیسپانیا ئاشکرایانکردووە، ڤینی لە دوایین یەکەی مەشقی یانەکەیدا رووبەڕوو داوای لێبوردنی لە هەمووان کردووە، لەگەڵ ئەلۆنسۆش دانیشتنی دوو قۆڵییان پێکەوە هەبووە، بەڵام ناکۆکییەکانی نێوانیان کۆتایی نەهاتووە.