مێژوویی.. هیلال بووە خاوەنی فڕۆکەی تایبەت
رووداو دیجیتاڵ
یانەی هیلالی سعودی، لە هەنگاوێکی مێژووییدا کارێکی گەورەی کرد و بووە یەکەم یانە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، فڕۆکەی تایبەتی خۆی هەبێت.
یانەکە وێنەکانی فڕۆکە تایبەت و سەرنجڕاکێشەکەی بڵاوکردووەتەوە و نووسیوویەتی "دابینکردنی فڕۆکەی تایبەتی یانەکە."
دوای ئەوەش هیلال لە راگەیێنراوێکی فەرمیدا دەڵێت "کۆمپانیای یانە هیلال بە سەرۆکایەتیی میر نەواف بن سەعد، فڕۆکەیەکی تایبەتی بۆ یانەکە دابینکرد، کە لۆگۆی یانەکەی لەسەرە و بە هاوکاری لەگەڵ هاوکاری یانەکە، هێڵی ئاسمانیی ناس فڕۆکەکە دابینکراوە."
بەم هەنگاوە مێژووییە، یانەی هیلال بووە یەکەم یانە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست فڕۆکەی تایبەتی خۆی هەبێت و فڕۆکەکە لە جۆری A320Neoـە و لەمەودوا یانەکە گەشتەکانی بەو فڕۆکەیە تایبەتە ئەنجامدەدات.
یەکەم گەشتی یانەی هیلال بە فڕۆکە تایبەتەکەی لە ریازەوە بۆ دەوحە دەبێت، کاتێک رۆژی 2-11-2025 دەچێتە قەتەر بۆ یارییکردن بەرامبەر یانەی غەرافەری قەتەری لە چامپیۆنزلیگی بژاردەی ئاسیادا.
هێڵی فڕۆکەوانیی ناسی سعودی، خاوەندارییەتییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ میر وەلید بن تەڵاڵ بن عەبدولعەزیز، ملیاردێری بەنێوبانگی سعودی کە هاندەری هیلالە و یەکێکە لەو ملیاردێرانەی پاڵپشتیی وەرزشی سعودیە دەکات.