بالۆتێلی یارمەتیی هەژارانی تورکیا دەدات

رووداو دیجیتاڵ

 

ماریۆ بالۆتێلی، هێرشبەری ئیتاڵیی یانەی ئەدەنە دەمیرسپۆری تورکی، لە رێگەی گۆرانیبێژی بەنێوبانگی تورک، هالوک لێڤێنتەوە یارمەتی 6 خێزانی هەژار دەدات.
 
هالوک لێڤێنت، دامەزرێنەری رێکخراوی AHBAPـی خێرخوازی، وێنەیەکی خۆی لەگەڵ ماریۆ بالۆتێلی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکردەوە و رایگەیاند کە بالۆتێلی لە تورکیا یارمەتی هەژاران دەدات.
 
هالوک لێڤێنت، لە ژێر ئەو وێنەیەی خۆی و بالۆتێلیدا نووسیویەتی "ماریۆ یارمەتی 6 خێزانی هەژار دەدات".
 
ئەو دەڵێت "تێچووی نەشتەرگەری سیفێنت، کە چاوەکانی لەدەستداوە، هەروەها خەرجی خانمێک کە پیاوەکەی لێیجیابووەتەوە و خۆی و منداڵەکانی جێهێشتووە، هەروەها دانی کرێی خانوو بۆ خێزانێکی دیکە و دابینکردنی تێچووی نەخۆشخانە بۆ 3 خێزانی دیکە، لە لایەن بالۆتیلییەوە لە ئەستۆ گیراوە".
 
وەک میدیای تورکیا باسی دەکات، یاریزانی ئیتاڵیی یانەی ئەدەنە دەمیرسپۆر خەرجی کردنەوەی پاڵەوانێتییەکی تۆپی پێ بۆ منداڵانی سەر شەقام لە ئەستۆ گرتووە، کە پێشتریش ئەو یاریزانە ئەو پارەیەی لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیتاڵیا وەریدەگرت بە منداڵانی دەدا.
 
باڵۆتێلی کە بۆ چەندین گەورە یانەی ئەوروپا یاریکردووە، وەک لیڤەرپوول، مانچێستەر سیتی، میلان و ئینتەرمیلان یاریکردووە، لەو بارەیەوە دەڵێت "من کەسێکم حەزم لە یارمەتیدانی خەڵکە، ئەوکاتەی لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیتاڵیا بووم، هەموو ئەو پارە و پاداشتانەی وەرمدەگرتن بە منداڵانی ئیتاڵیام دەبەخشی، من منداڵانم زۆر خۆشدەوێن، گەنجەکانم خۆشدەوێن، رەگەز، ئایین و نەژاد لای من جیاوازی نییە، من هەمووانم خۆشدەوێن".
 
میدیای تورکیا باس لەوە دەکات کە بالۆتێلی دەیەوێت بەردەوام بێت لە یارمەتیدانی هەژاران لە تورکیا، داواشی کردووە هەفتەی داهاتوو سەردانی خانەی بێ سەرپەرشتانی حکومی بکات، بۆ ئەوەی یارمەتییان بدات، کە خۆی گوتوویەتی "جلوبەرگ، درێس، پێڵاوی وەرزشی و پێداویستییەکانی قەتابخانەیان بۆ دابین دەکەم".