چێڵسی و ئارسیناڵ یاریی یەکلاییکردنەوەی نازناو ئەنجامدەدەن


رووداو دیجیتاڵ

دێربیی گەورەی لەندەنە، بەڵام مانایەکی گەورەتر لە دێربیی پایتەختی پرێمەرلیگ دەدات.
 
مەیدانەکە ستامفۆرد بریجە و رووداوەکە، بەیەکگەیشتنی کلاسیکییانەی نێوان دوو گەورەی ئینگلتەرایە.. چێڵسی میوانداریی ئارسیناڵ دەکات.
 
یارییەکە یەکێکە لە زنجیرەی ئەو یارییانەی تیپەکانی لەندەن کۆدەکاتەوە و هەموویان لە ژێر ناونیشانی دێربییدا بەڕێوەدەچن، بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ روودەدات، زۆر مانادارترە لەو پێناسە سادەیەی بۆ دەکرێت.
 
چێڵسی کە پلەی سێیەمی ریزبەندی خولەکەی بەدەستەوەیە و شەش خاڵی رێک لە ئارسیناڵی پێشەنگەوە دوورە، نایەوێت ببێتە قوربانییەکی دیکەی ئەمساڵی ئارسیناڵ. بلووز دەیانەوێت لەپێناو دروشمێکدا بجەنگن، ئێمە گەورەی لەندەنین.
 
بۆ چێڵسی شکست لە یارییەکەدا، لەبارچوونی خەونێک دەبێت کە تیپەکە تاوەکو ئێستا لەسەرەتای وەرزەوە بونیادی دەنێت و دەیەوێت تێیدا وەک رکابەرێک لەسەر نازناوی خولەکە تاوەکو کۆتایی بمێنێتەوە.
 
چێڵسی سەرمەستە بەو بردنەوەیەی لەناوەڕاستی هەفتەی رابردوودا بەرامبەر بارسێلۆنا بەدەستی هێنا، هەوڵدەدات ئەو زنجیرە قاڵب گرتن و درەوشانەوەیەی نەپچڕێت و خزمەت بەرکابەرییەکانی وەرزەکە بکاتەوە و ململانێیەکە زیندوو بهێڵێتەوە.
 
ئارسیناڵ شەڕ لەپێناو دوورخستنەوەی مەترسیدارترین رکابەری دەکات، بردنەوەی یارییەکە بۆ تیپەکە، واتای دوورکەوتنەوە بە حەوت خاڵ لە نزیکترین رکابەرانی دەکات کە مانچێستەر سیتی خاوەنی پلەی دووەمە.
 
ئارسیناڵ لە یارییەکەدا لەبەردەم دووڕیانێکی مێژووییدایە، دووڕیانی ئەو هەلە گەورەیەی ئەمساڵ بۆی هەڵکەوتووە و لە خولێکدایە کە هەفتانە کەوتنی رکابەرەکانی بەدەستی یەکدی دەبینێت. ئەگەر ئارتێتا و یاریزانەکانی هەلی هەنگاوە گەورەکە بەئاراستەی بردنەوەی یارییەکە لە دەستبدەن، ئیدی ریتمە خێرا و کاریگەرەکەی ئارسیناڵ، جارێکی دیکە دەکەوێتەوە بەردەم گومانی گەورە و کاڵبوونەوەی ئەو خەونەی ساڵانێکی زۆرە لە یادەوەریی هەموو ئارسیناڵییەکەدا گەورە و گەورەتر دەبێت. خەونی بەدەستهێنانەوەی نازناوی پرێمەرلیگ.