فێرگەی ئەکاد عەنکاوە خۆبەخشانە منداڵەکان پێدەگەیێنێت
فێرگەی تۆپی پێی یانەی ئەکادی عەنکاوە یەکێکە لە هەنگاوە سەرەتاییەکان بۆ پێگەیاندنی یاریزانان.
ماوەی چوار ساڵە ئەم فێرگەیە بەسەرپەرشتی راهێنەرێک و چوار مامۆستای خۆبەخش کراوەتەوە و ٧٠ منداڵ بەنوێترین شێواز فێری یاریی تۆپی دەکرێن، لە هەفتەیەکیشدا چوار رۆژ یاریگای وەرزش و لاوانی عەنکاوە دەبێتە شوێنی کۆبوونەوەی منداڵانی ئەم فێرگەیە.
لەم فێرگەیەدا دەیان یاریزان پێگەیشتوون و پەیوەندییان کردووە بە یانەکانی پایتەختی کوردستان و هەڵبژاردەی تازەپێگەیشتوانی عێراق، هەروەها نەوەی ئێستای فێرگەکە دەخوازن گەورە راهێنەرانی کوردستان چاودێریان بکەن.
منداڵانی فێرگەی یانەی ئەکادی عەنکاوەش هەریەکەیان رۆژانە خەونی زۆر بە گەیشتن بە ئاستی ئەستێرەکانی تۆپی پێی جیهانەوە دەبینن.
فێرگەی تۆپی پێی ئەکادی عەنکاوە ئەو راستیە دەردەخات گەر گرینگی بەم جۆرە فێرگانە بدرێت یانەکان چیدیکە پەنا نابەنە بەر یاریزانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان.