کۆرتوا هەڕەشەی تووند لە ریال مەدرید دەکات
رووداو دیجیتاڵ
ریال مەدرید رووبەڕووی قەیرانێکی گەورەی بەرگری دەبێتەوە و تیبۆ کۆرتوا داوای گۆڕانکاری دەستبەجێ دەکات و دەڵێت "بەم بەرگرییە ئەمساڵیش هیچ نابەینەوە".
لە دوایین یارییدا بەرامبەر سێڤییا، ریال مەدرید سەرکەوتنێکی زەحمەتی بەدەستهێنا کە زیاتر پشتی بە ئاستی تاکەکەسیی چەند یاریزانێکی بەستبوو، لەگەڵ ئاستێکی یەکلاکەرەوەی تیبۆ کۆرتوای گۆڵپارێزی بەلجیکی، کە توانی تیپەکە لە دۆڕانێکی مسۆگەر رزگار بکات، بەڵام لەپشت پەردەوە، نیشانەکانی نیگەرانی روو لە زیادبوونن، بەتایبەتی بەهۆی خراپی هێڵی بەرگری.
هەرچەندە هاندەرانی ریال مەدرید زۆر دڵخۆش بوون بەگرێبەستکردن لەگەڵ دین هاوسنی بەرگریکاری گەنج، بەڵام وادیارە ئەو یاریزانەش نەیتوانیوە کێشەکانی هێڵی بەرگری یانەی شاهانە چارەسەر بکات، نەک ئەوەندە بەڵکو گومان لەسەر تواناکانی خودی هاوسن دروست بوونە و ئێستا رووبەڕووی رەخنەی هاوڕێکانی دەبێتەوە، بەتایبەتی تیبۆ کۆرتوای گۆڵپارێز.
هاوسن، ئەو بەرگریکارە لاوەی وەک یاریزانێکی بەهرەمەند بۆ ماوەیەکی درێژخایەن گرێبەستی لەگەڵ کرابوو، تاوەکو ئێستا ئەو ئاستەی پێشان نەداوە کە چاوەڕوانی لێدەکرێت. سستی لە بڕیاردان، پاسی نادروست و لاوازی لە رووبەڕووبوونەوە یەکلاکەرەوەکاندا، کاریگەرییەکی نیگەرانکەریان لای دەستەی هونەری دروست کردووە، بەتایبەتی لە تیپێکی وەک ریال مەدرید کە ئارامگرتن تێیدا زۆر دەگمەنە.
تیبۆ کۆرتوا، کە یەکێکە لە ئەستێرە هەرە دیارەکانی تیپەکە و لە ژووری جلگۆڕین و لای دەستەی هونەریش گوێی لێدەگیرێت، بەئاشکرا ناڕەزایەتی خۆی بەرامبەر هەڵە دووبارەبووەکانی هێڵی بەرگری دەربڕیوە و بەتایبەتی دین هاوسن، کە بەگوێرەی سەرچاوەکانی نزیک لە ژووری جلگۆڕینی مێرێنگی، کۆرتوا بەئاشکرا رەخنەی لە هێڵی بەرگری گرتووە، بەتایبەتیش هاوسن و گوتوویەتی "هاوسن نەیتوانیوە ئومێدبەخش بێت".
ئەو سەرچاوانە باس لەوە دەکەن کە قسەکانی کۆرتوا تەنیا سەرزەنشتێکی ئاشکرا نەبوون، بەڵکو پەیامێکی راستەوخۆ بوو بۆ راهێنەر و کارگێڕیی ریال مەدرید کە تیپەکەیان ناتوانێت بەمشێوەیە و بەم هێڵی بەرگرییە کێبڕکێ بکات و پێویستە ئاستی بەرگری بەخێرایی باشتر بکرێت.
گۆڵپارێزە بەلجیکییەکە لە کۆبوونەوە داخراوەکاندا ئاماژەی بەوە کردووە کە پێویستە هاوسن سەرنج و کەسایەتی و پابەندبوونی خۆی پەرە پێبدات؛ ئەمانەش ئەو سێ سیفەتە سەرەکییەن کە بەپێی سەرچاوەکانی ناو یانەکە، یاریزانەکە ئێستا نییەتی.
کارگێڕیی ریال مەدرید درک بە تواناکانی هاوسن دەکەن، بەڵام ئەوەش دەزانن کە چوونە ناو تیپی یەکەم ئەزموونێکی ئاسان نییە؛ هەر شکستێک لە بەدەستهێنانی ئەنجامدا لەوانەیە ببێتە هۆی گۆڕینی بەخێرایی.
دۆخی ئێستای ریال مەدرید ئەوە دەردەخات کە متمانەی یانەکە بە هاوسن بەرەو کەمبوونەوە دەچێت و تیپەکە پێویستی بە بەرگریکارێکە کە متمانە ببەخشێت نەک گومان. بۆ کۆرتوا و ژووری جلگۆڕین، بژاردەکە روونە؛ یان باشترکردنی ئاست یان رووبەڕووبوونەوەی دەرئەنجامە خراپەکان. لە ریال مەدرید تەنیا ئامادەبوون بەس نییە، بەڵکو دەبێت لە هەموو یارییەکدا شایستەیی خۆت بسەلمێنی.