"چەکدارەکە پێی گوتم، دەتوانم ئێستا بتکوژم".. یاریزانێکی سودانی باسی شەڕ لە وڵاتەکەی دەکات


رووداو دیجیتاڵ

جۆن مانۆ، هێرشبەری هەڵبژاردەی سودانی بەشدار لە جامی نەتەوەکانی ئەفریقا، ئاشکرایکردووە تاوەکو ئێستا لەژێر کاریگەریی شۆکی ئەو جەنگەدا دەژی کە لە وڵاتەکەیدا بەرپابووە. دەڵێ جارێکیان زۆر نزیکبوو لەوەی بکوژرێم.
 
مانۆ هەروەها باسی لەدەستدانی هاوڕێیەکی منداڵیی لە جەنگەکەدا کردووە.
 
جەنگی نێوخۆی سودان لە مانگی چواری ساڵی 2023 هەڵگیرسا، پاش ململانێی نێوان سوپای وڵاتەکە و هێزەکانی پشتیوانیی خێرا لەسەر دەسەڵات لە وڵاتەکە.
 
نەتەوە یەکگرتووەکانی دەڵێ، ئەوەی لە سودان روودەدات، گەورترین تەنگژەی مرۆییە لە جیهاندا.
 
سەرژمێرییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشکرایانکردووە، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 40 هەزار کەس بەهۆی جەنگەکەوە گیانیانلەدەستداوە، لە کاتێکدا رێکخراوە خێرخوازییە کارکردووەکان لە وڵاتەکە دەڵێن ژمارەکە زۆر لەوە زیاترە. ئەمە جیا لە ئاوارەبوونی زیاتر لە 14 ملیۆن کەس و بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی جیاواز و برسێتی، لە وڵاتەکەدا.
 
ئەو هێرشبەرە کە لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەکەیەتی لە مەغریب، ئاشکرایکردووە نزیکترین هاوڕێی کە ناوی میدۆیە، لە جەنگدا کوژراوە.
 
مانۆ، قسەی بۆ 'بی بی سی' کردووە، دەڵێ، هاوڕێی منداڵیم بوو، چەکدارەکان تەنانەت هیچ هەلێکیان پێنەدا، نزیکەی 20 تاوەکو 25 فیشەکیان پێوەنا. ئەوکاتەی هاوڕێکەم کوژرا، هاوڕێیەکی دیکەمی لەگەڵدابوو، بەڵام ئەو نەیتوانی هیچ بڵێت، تەنیا ئەوە نەبێت کە تەماشای کوژرانی هاوڕێکەی خۆی بکات، بەدەستی چەکدارەکان.
 
مانۆ، چەند مانگێک بەرلە بەرپابوونی جەنگ لە وڵاتەکەیدا، بۆ یەکەمجار یاریی بۆ هەڵبژاردەی وڵاتەکەی کردووە. ئەو دەڵێ، میدۆی هاوڕێم لە خەرتومی پایتەختەوە چووبووە شاری حەلفا لە نزیک سنووری میسر، تاوەکو کاروباری رۆیشتنی لە وڵاتەکە رێکبخات.
 
وەک ئەو یاریزانە 24 ساڵانە ئاشکرایکردووە، کاتێک میدۆ گەیشتە حەلفا، بیری کەوتەوە کە هەندێک بەڵگەنامەی گرنگی لە خەرتووم لەبیرکردووە، هەربۆیە گەڕایەوە بۆ ئەوێ، دۆکۆمێنتەکانی هێنا و ویستی بگەڕێتەوە، بەڵام هەر لەناو خەرتووم کەوتە دەست چەکدارەکان و ئەوان پێیانگوت، "تۆ لەگەڵ سوپا ئیشدەکەیت؟"، ئەو دەیویست روونی بکاتەوە لەگەڵ سوپا ئیش ناکات، بەڵام بێ گوێلێگرتن تەقەیان لێکرد و گوشتیان.
 
هەڵگیرسانی جەنگ، بووە هۆکاری راگرتنی سەرجەم چالاکییە وەرزشییەکانی سودان، بەرلەوەی هەڵبژاردەکە رووبکاتە دەرەوەی وڵات بۆ خۆپاراستن و ئامادەسازیی بۆ بەشداریکردن لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالی داهاتوو و جامی نەتەوەکانی ئەفریقا.
 
هەڵبژاردەی سودان، خۆی گەیاندە جامی نەتەوەکانی ئەفریقا و تاوەکو ئێستا لە کۆی دوو یاری لە پاڵەوانێتییەکە، یارییەکی بردووەتەوە و یەکێکی دۆڕاندووە.
 
لەبارەی وێرانبوونی یاریگە و راوەستانی خولەکانەوە لە وڵاتەکە، مانۆ دەڵێ هیچ شتێک نەماوە، ناتوانین گلەیی لە هیچ بکەین، خەڵک نان نییەی بیخوات، ناتوانین باسی تۆپی پێ بکەین.
 
مانو ئاشکرایکردووە، خۆی و ژمارەیەک لە یاریزانانی هەڵبژاردەکە چەندینجار لە مردن گەڕاونەتەوە، ئەو دەڵێ، بەرلەوەی وڵاتەکە بەجێبهێڵین، چەکدارەکان لە بازگەکاندا رایاندەگرتین، کاتێک دەیانزانی ئێمە یاریزانین، پێیان دەوتین، تۆ یاریزانی کێیت؟
 
ئەو دەڵێ جارێک یەکێکیان پێی گوتم، تۆ یاریزانی یانەی هیلالیت؟ (یانەیەکی سودانە)، من هاندەری مەریخم (یانەیەکی سودانە)، زۆر بەئاسانی دەتوانم بتکوژم، کەس ناتوانێ رێگەم بگرێت.
 
ئەو دەڵێ، تاوەکو دەمردم هەرگیز ئەو رۆژە و ئەو قسەیە لە بیر ناکەم.