یانەکانی کوردستان ئەرکیان ئاسان نییە

رووداو دیجیتال

لە گەڕی نۆیەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق ژمارەیەک یاریی بەهێز بەڕێوەدەچێت، کە یانەی هەولێر بۆ مانەوەی لە پێشەنگی ریزبەندیی یاری دەکات و زاخۆ، دهۆک و نەورۆزیش دوور لە هاندەرانیان یاری دەکەن. 
 
یارییەکان ئەمڕۆ سێشەممە دەستپێدەکەن، یانەی جەوییە دوای گۆڕانکارییەکی ریشەیی لە دەستەی کارگێڕییەکەی و دەستبەکاربوونی دەستەیەکی کارگێڕیی نوێ کە زۆربەیان ئەفسەری پلە باڵان لە سوپای عێراق، تیپەکە ئاستی بەرزبووەتەوە و رکابەری دەکات، جەوییە لەنێو یاریگەی مەدینە یاری لەگەڵ یانەی دهۆک دەکات. 
 
ئالهۆین چیای وەرزی ئەمساڵ ئاستێکی باشیان نەبووە بە بەراوورد بە وەرزی رابردوو کە نازناوی جامی عێراق و کەنداویان بەرزکردەوە، تیپەکە چوار دۆڕان و دوو بردنەوە لەگەڵ دوو یەکسانبوونی هەیە، بەکۆکردنەوەی 8 خاڵ لە پلەی پازدەی ریزبەندیی خولی ئەستێرەکانی عێراقە. 
 
عەبدولغەنی شەهد، راهێنەری یانەی دهۆک بەر لە یارییەکە بە رۆژێک لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا گوتی "تیپەکەمان لە یارییەکەوە بۆ یارییەکی دیکە باشتر دەبێت، ئەنجامەکانمان تاوەکو ئێستا جێگەی رەزامەندین، بەڵام ئاواتمان زیاترە، ئامانجمان لەسەر ئەو ئەنجامانە بونیاد بنێین ئەم یارییەش ببەینەوە ".
 
یانەی هەولێر وەرزی ئەمساڵ خەمی هاندەرانی بە ئەنجامە باشەکانی رەواندووەتەوە، ئیمپراتۆر بەسەرکردایەتی باسم قاسم، ئاستێکی دڵخۆشکەری پێشکەشکردووە و هیچ دۆڕانێکی نییە و بەکۆکردنەوەی 20 خاڵ سەرلیستی خولەکەیە. 
 
درێس زەردەکانی قەڵا و منارە لەم گەڕەدا بەهۆی سزادانیان لەلایەن یەکێتیی تۆپی پێی عێراقەوە بەبێ ئامادەبوونی هاندەرانیان یاری لەگەڵ یانەی نەفتی میسان دەکەن، ئەرکی هەولێر ئاسان نییە، چونکە نەفتی میسان بریندارە بەهۆی ئەنجامە خراپەکانی، میوانەکەی هەولێر 5 خاڵی هەیە لە پلەی حەڤدەی ریزبەندییە. 
 
یانەی نەفتی میسان دوو رۆژە گەشتی هەولێری کردووە، بەهۆی بەفر و سەرما تیپەکە دوێنێ نەیتوانی راهێنان بکات، بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە هەردوو تیپ لەسەر یاریگەی یانەی پیشەسازی دوایین راهێنان بکەن و هەردوو راهێنەریش لە هۆڵی کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکانی یانەی هەولێر قسە بکەن. 
 
نەورۆزی کوردان گەشتی باشووری عێراقی کردووە و یاریی لەگەڵ یانەی مینا دەکات، نوێنەرەکەی سلێمانی لە خولەکە ئەمساڵ کەوتووەتە نێو گێژاوی ئەنجامە خراپەکان، تیپەکە حەوت دۆڕان و بردنەوەیەکی هەیە، نزای هاندەرانی مانەوەی تیپەکەیە لە خولەکە.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو سپۆرتس بەرپرسانی یانەی نەورۆز لەسەر داوای وەلی کەریم، گفتوگۆکانیان لەگەڵ چەند یاریزانێکی پیشەگەر و ناوخۆی عێراق دەستپێکردووە و چاوەڕوان دەکرێت لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو ژمارەیەک گرێبەستی نوێ رابگەیەندرێت. 
 
هادی کەریم، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی یانەی نەورۆز لەو بارەیەوە بۆ رووداو سپۆرتس گوتی "ئەمساڵ ئاستی تیپەکەمان باش نییە و وەلی کەریم، راهێنەری تیپەکەمان گۆڕانکاری گەورە دەکات، ئەو لیستەی داویەتی بە ئێمە لەسەر داوای خۆیەتی و گەشبینین بۆ باشبوونی دۆخی یانەکەمان". 
 
کوڕانی خابوور جارێکی دەیانەوێت سەروەری تۆمار بکەن، 2025 ساڵی سەروەری و نووسینەوەی مێژوو بۆ زاخۆییەکان، وەرگرتنی خەڵاتی بێست لەلایەن هاندەرانی یانەی زاخۆ رووداوێکی مێژووییە لەسەر ئاستی کیشوەری ئاسیا، ئەنجامە باشەکانی تیپەکە لە جامی یانەکانی کەنداو، ئومێدێکی گەورەی بۆ داهاتووی یانەکە دروستکردووە. 
 
یانەی زاخۆ لەنێو یاریگەی خۆیدا دەیەوێت لە یانەی کەرخ بباتەوە، سوور پۆشانی خابوور 14 خاڵیان هەیە و لە پلەی حەوتەمی ریزبەندین. 
 
هەر لە خولی ئەستێرەکانی عێراق ئەم یارییانە بەڕێوەدەچن: 
 
دیالە - قاسم 
ئەمانە بەغدا - شورتە 
غەراف -گەرمە
تەڵەبە - موسڵ
نەجەف - نەفت 
کارەبا - زەورا