پێرێز چانسێکی دیکە بە ئەستێرەیەکی ریال مەدرید دەدات

رووداو دیجیتاڵ

 

فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدرید، لە بڕیارێکی کتوپڕدا  چارەنووسی ئەستێرەیەکی ریال مەدرید یەکلایی دەکاتەوە و ئەو یاریزانە کە پێشتر بەربژێر بوو بۆ رۆیشتن، ئێستا دەتوانێت بمێنێتەوە.
 
لە وەرچەرخانێکی چاوەڕواننەکراودا، یانەی ریال مەدرید لە چەند هەفتەی رابردوودا هەڵوێستی خۆی بەرامبەر بە رۆدریگۆ گۆیسی ئەستێرەی بەرازیلی گۆڕی. پاش ئەوەی یانەی شاهانە بڕیاریدابوو لە مێرکاتۆی هاوینەی داهاتوودا دەستبەرداری بێت - بەهۆی ئەو ئاستە خراپەی لە سەرەتای ئەم وەرز و کۆتایی وەرزی رابردوو نیشانی دابوو، ئێستا دۆخەکە گۆڕاوە و لەپشت پەردەکانی سانتیاگۆ بێرنابیۆوە شتێکی دیکە روویداوە.
 
پلانێکی نوێ و گرەوکردن لەسەر درەوشانەوە
 
بەگوێرەی راپۆرتێکی ماریۆ کۆرتیگانا لە رۆژنامەی  The Athletic، رۆدریگۆ جارێکی دیکە بووەتەوە بەو یاریزانە یەکلاکەرەوەیەی کە متمانەی تەواوی بەتواناکانی خۆی هەیە؛ یاریزانێک کە توانای بڕینی بەرگریکاران و گۆڵ تۆمارکردنی هەیە، ئەمەش دوای قۆناخێکی پاشەکشەی درێژخایەن کە تێیدا وا دەردەکەوت ناسنامەی وەرزشی خۆی ون کردبێت. 
 
ئەم گۆڕانکارییە کتوپڕە وای لە کارگێڕی ریال مەدرید کردووە پێداچوونەوە بە بڕیارەکەیدا بکات و لە نیوەی دووەمی وەرزدا چانسێکی زێڕینی دیکەی پێ ببەخشێت.
 
هەرچەندە بڕیار وابوو لە هاوینی رابردوودا یانەکە ئەم یاریزانە بفرۆشێت، بەڵام هیچ دەستەوارەیەکی گونجاو نەگەیشتە یانەکە. لەو کاتەدا فلۆرێنتینۆ پێرێز بڕیاریدا چانسێکی دیکەی پێ بدات، بەڵام ئەوەی زۆرترین بڕوای بە تواناکانی رۆدریگۆ هەبوو  چابی ئەلۆنسۆی راهێنەر بوو، کە توانی متمانە بۆ یاریزانەکە بگەڕێنێتەوە و جارێکی دیکە لە لایەن هاندەرانەوە پێشوازی لێ بکرێتەوە.
 
بڕیاری کۆتایی لە دەستی رۆدریگۆ خۆیەتی
 
تاوەکو ئێستا بەفەرمی مانەوەی یاریزانەکە رانەگەیێندراوە، بەڵام متمانەی یانەکە بەو یاریزانە لە هەموو کاتێک زیاترە. ریال مەدرید بەوردی چاودێری ئاستی رۆدریگۆ دەکات لە نیوەی دووەمی وەرزدا پێش ئەوەی بڕیاری کۆتایی بدات؛ ئەگەر لەسەر ئەم ئاستە بەرزە بەردەوام بێت، مانەوەی لە مەدرید مسۆگەرە، بەڵام گەڕانەوە بۆ ئاستی  پێشوو، راستەوخۆ دەخرێتە لیستی فرۆشتنەوە.
 
فلۆرێنتینۆ پێرێز سوپاسگوزاریی خۆی بۆ چابی ئەلۆنسۆ دەربڕیوە، کە رۆڵێکی کاریگەر و سەرەکی بینی لە گەڕاندنەوەی ئەو یاریزانەی کە لای هاندەران خۆشەویستە. ئێستا هەموو چاوەکان لەسەر رۆدریگۆن؛ ئایا دەتوانێت پارێزگاری لە ئاستی بکات و خۆی وەک توخمێکی سەرەکی لە پێکهاتەی ئەلۆنسۆد بسەلمێنێت؟ نیوەی دووەمی وەرز وەڵامی هەموو پرسیارەکان دەداتەوە.