رۆژین 2 جار پێشمه‌رگه‌یه
عه‌بدولقه‌هار مه‌حموود
رووداوی وه‌رزشی ـ سلێمانی
كچه یاریزانێكی گۆڕه‌پان و مه‌یدانی كورد، دووجار پێشمه‌رگه‌یه، چونكه جگه له‌وه‌ی یاریزانی گۆڕه‌پان و مه‌یدانه، وه‌ك پێشمه‌رگه‌یه‌كیش پارێزگاری له خاكی كوردستان ده‌كات. ئه‌و كچه رۆژین محه‌ممه‌دی یاریزانی گۆڕه‌پان و مه‌یدانی یانه‌ى پێشمه‌رگه‌ی سلێمانییه.
رۆژین، دانیشتووی شاری زاخۆیه، یاریزانی هه‌ڵبژارده‌ی عێراقه و ئێستا یاری بۆ یانه‌ی پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی ده‌كات. سه‌ره‌تای كاروانی وه‌رزشیی رۆژین بۆ ساڵی 2010 ده‌گه‌ڕێته‌وه، كه له یانه‌ی پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر ده‌ستی به یاری كردووه. پاشان په‌یوه‌ندی به یانه‌ی پێشمه‌رگه‌ی سلێمانییه‌وه كردووه. ئه‌و یاریزانی گۆڕه‌پان و مه‌یدانه له پێشبڕكێیه‌كانی 100 مه‌تر، 200 مه‌تر و 400 مه‌تر راكردن.
رۆژین، خاوه‌ن ئاستێكی به‌رزه، به‌به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌ی به‌شداری له چه‌ندین خول و پاڵه‌وانیه‌تییدا كردووه‌و چه‌ندین ده‌ستكه‌وتی هه‌بووه. ئێستا ئه‌و یاریزانه پێشمه‌رگه‌یه خاوه‌نی چه‌ند نازناوی تاكه‌كه‌سییه و چه‌ندین نازناوی له‌گه‌ڵ یانه‌كه‌یشی به‌ده‌ستهێناوه. ئه‌و به (رووداوی وه‌رزشی) گوت "گرنگترین نازناوی تاكه‌كه‌سیم به‌ده‌ستهێنانی پله‌ی یه‌كه‌می پێشبڕكێی 400 مه‌تر راكردن بوو له‌سه‌ر ئاستی عێراق.
رۆژین، زیاتر گوتی "ئێستا له‌لایه‌ن راهێنه‌ركی تایبه‌تی خۆم له شاری زاخۆ مه‌شقه‌كانم ده‌كه‌م، نامه‌وێ ئاستم دابه‌زێت، له‌به‌رئه‌وه‌ى ناتوانم به به‌رده‌وامی بچمه مه‌شقه‌كانی یانه‌كه‌م له شارى سلێمانی، له‌به‌ر نه‌بوونی بودجه‌ی پێویست".
رۆژینی كچه یاریزان و پێشمه‌رگه، بۆ (رووداوی وه‌رزشی) باسی خزمه‌تی خۆی وه‌ك پێشمه‌رگه‌یه‌كیش له پاراستنی خاكی كوردستان كرد‌و گوتی "من بێجگه له وه‌رزش، پێشمه‌رگه‌شم و شان به‌شانی برا پێشمه‌رگه‌كان له به‌ره‌كانی جه‌نگ پارێزگاری له كوردستان ده‌كه‌م، بۆ من هه‌ردووكیان دوو ئه‌ركی زۆر پیرۆزن و له‌لای من زۆر گرنگن".
هه‌روه‌ها گوتیشی "من كاته‌كانی خۆم دابه‌شكردووه، به‌ڵام ئێستا به‌هۆی نه‌بوونی هیچ پاڵه‌وانیه‌تییه‌كی گۆڕه‌پان و مه‌یدان زیاتر به كاری پێشمه‌رگایه‌تی خه‌ریكم، په‌نا به‌خوا ئه‌وه‌ی له توانامدا بێت بۆ خزمه‌تی كوردستان ده‌یكه‌م، به‌تایبه‌تیش بۆ یانه‌كه‌م".