ڤیدیۆ؛ سەنیگال بلیتێکی زێڕینی بڕی

رووداو دیجیتاڵ

هەڵبژاردەی سەنیگال بەشایستەیی گەیشتە قۆناخی پێشکۆتایی جامی نەتەوەکانی ئەفریقا، دوای ئەوەی شکستی بە هەڵبژاردەی گینیای کەمەرەیی هێنا.
 
هەردوو هەڵبژاردە لە قۆناخی هەشتی پاڵەوانێتییەکەدا، لەسەر یاریگەی ئەحمەدو ئاهیدجۆ رووبەڕووی یەکبوونەوە و سەرکەوتن بە ئەنجامی 3-1 بەشی سەنیگالییەکان بوو.
 
شێرەکانی تیرانگا لە خولەکی 28 لە رێگەی فامارا دیێدهیۆ گۆڵی پێشکەوتنیان کرد و نیوەی یەکەم بەو ئەنجامە کۆتاییهات.
 
لە نیوەی دووەمدا گینییەکان هەوڵیاندا ئەنجامەکە یەکسان بکەنەوە و دوای 11 خولەک بویلا ئەو کارەی کرد و تۆڕی سەنیگالی هەژاند.
 
سادیۆ مانێ و هاوڕێکانی سووربوون لەسەر بردنەوە و لە خولەکی 69 شیخۆ کۆیاتی جارێکی دیکە سەنیگالی پێشخستەوە، بەر لەوەی ئیسماعیلا سارا دوای 10 خولەکی دیکە گۆڵی سێیەمیش تۆمار بکات.
 
یارییەکە بە ئەنجامی 3-1 بۆ سەنیگال کۆتاییهات و بلیتی پێشکۆتایی وەرگرت، کە لەسەر گەیشتن بە یاریی کۆتایی بەرامبەر بورکینا فاسۆ یاری دەکات.