رووداو دیجیتاڵ
رۆژنامەڤانێکی ناوداری ئیسپانی بە لێدوانێکی مشتومڕهێنەر هەرا دەنێتەوە و دەڵێت "فلۆرێنتینۆ پێرێز نازی بە یاریزانانی ریال مەدرید داوە و فێری بێئەدەبی کردوون".
سیرۆ لۆپێز، رۆژنامەڤانی دیاری ئیسپانی، رەخنەی تووند ئاراستەی کارگێڕیی یانەی ریال مەدرید دەکات و فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەکە بە بەرپرسیاری سەرەکی ئەو قەیرانە دەزانێت کە یانە شاهانەکە تێیکەوتووە.
لۆپێز لەمیانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی 'ئێل پارتیداسۆ' لە رادیۆی کۆپێی ئیسپانی رایگەیاند، ئەو پێشتر بەرامبەر کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری پێشووی یانەکە 'زۆر نادادپەروەر' بووە، کاتێک 60 بۆ 70٪ـی بەرپرسیارێتی ئەنجامە خراپەکانی خستووەتە ئەستۆی، بەڵام ئێستا ئەو بڕوایەی بەتەواوی گۆڕاوە".
ئەو رۆژنامەڤانە هۆکاری گۆڕانی بۆچوونەکەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە هەمان رەفتاری یاریزانان لەگەڵ چەندین راهێنەری جیاوازدا دووبارە دەبێتەوە و گوتی "یاریزانەکان لەگەڵ ئەنچێلۆتی بەشێوازێک رەفتاریان دەکرد، لەگەڵ چابی ئەلۆنسۆ گەڕانەوە سەر هەمان رەفتار و لەگەڵ ئەربێلواش هەمان شت دووبارە بووەوە". لۆپێز جەختی کردەوە کە کێشە راستەقینەکە لە ستافی تەکنیکیدا نییە، بەڵکو لە عەقڵییەتی ژووری جلگۆڕینی یاریزانان دایە".
سیرۆ لۆپێز، پەنجەی تۆمەت بۆ سەرۆکی یانەکە درێژ دەکات و دەڵێت "کێ نازی بە یاریزانان داوە و بە هەڵە پەروەردەی کردوون؟ بەرپرسی یەکەم فلۆرێنتینۆ پێرێزە، چ لە کارە باشەکان و چ لە کارە خراپەکاندا".
سەرباری ئەو ڕەخنانە، لۆپێز ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەو لەگەڵ ئەوەدا نییە پێرێز پۆستەکەی جێبهێڵێت، چونکە کۆی گشتی کارەکانی لە سەرۆکایەتی یانەکەدا بە ئەرێنی دەبینێت، بەڵام رەخنەی لەوە گرت کە لەم قۆناخەدا کارگێڕیی یانەکە لایەنگری یاریزانانی کردووە، ئەوەش وایکردووە یاریزانەکان ببنە خاوەنی بڕیاری کۆتایی لەناو ژووری جلگۆڕیندا.
ئەو راشکاوانە گوتی "پێرێز وایلکردووە یاریزانەکانی ریال مەدرید، بەتایبەتیش ئەستێرەکانی ناز بکەن و بەبێئەدەبی رەفتار بکەن".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ