پاشکۆی چامپیۆنزلیگ و مۆرینیۆ؛ سپێشەڵ وەن دەتوانێت پەرجوو دووبارە بکاتەوە؟



رووداو دیجیتاڵ

 جۆزێ مۆرینیۆ پێویستی بە پەرجوویەک بوو بۆ ئەوەی بێنفیکا لەو ئاستە ناجێگیرەی رزگاربکات. دوای ئەوەی لە هەردوو جامی ناوخۆیی پۆرتوگال کرانە دەرەوە و لە خولیشدا 10 خاڵ لە پۆرتۆی پێشەنگ دوورن، تەنیا چامپیۆنزلیگ وەک هیوا بۆ مۆرینیۆ مابووەوە. ئەو دوای 26 ساڵ گەڕایەوە ئەو شوێنەی یەکەمجار وەک راهێنەر لێی دەرکەوت، بەڵام ئەم گەڕانەوەیە پڕبوو لە ئاڵۆزی و گوشار.
 
لە رۆژانی رابردوو بارودۆخەکە گەیشتە لووتکەی ئاڵۆزی، کاتێک نزیکەی 200 هاندەری گرووپی 'نۆ نەیم بۆیس' چوونە بەردەم دەرگای مەشقەکانی یانەکە و داوای روونکردنەوەیان لە کارگێڕیی و مۆرینۆ دەکرد. بێنفیکا بە کۆمەڵێک یاریزانی بەتەمەن و لاوی بێ ئەزموون ململانێ دەکات و ئەنجامەکان وەک پێویست نەبوون. 
 
نیکۆلاس ئۆتامێندی، کاپتنی تیپەکە سەبارەت بەو رووداوە گوتی "ئەوە سکاڵا نەبوو، بەڵکو پاڵپشتی بوو بۆ ئێمە. هاندەران مافی خۆیانە داوای زیاترمان لێ بکەن، چونکە بێنفیکا یەکێکە لە گەورەترین یانەکانی جیهان". 
 
مۆرینیۆ بۆ سەرخستنی پڕۆژەکەی هەموو هەوڵێکی خۆی دەدات، تەنانەت هەفتەی سێ بۆ چوار شەو لە شوێنی مەشقەکان دەمێنێتەوە و ناچێتەوە ماڵەکەی خۆی لە لیسبۆن.
 
لە یارییە دراماتیکییەکەی بەرامبەر ریال مەدرید، پەرجوویەک روویدا. کاتێک یارییەکە بەرەو کۆتایی دەچوو، مۆرینیۆ و یاریدەدەرانی نەیانزانیبوو پێویستیان بە گۆڵێکی دیکەیە بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە نێو پاشکۆ و مارسیلیا تێپەڕێنن. مۆرینیۆ تەنانەت هەموو هێرشبەرەکانی گۆڕیب وو بۆ پاراستنی ئەنجامەکە. کاتێک راستییەکەی بۆ دەرکەوت، ئاناتۆلی تروبینی گۆڵپارێزی ناردە پێشەوە بۆ ئەوەی یاریزانێکی دیکە زیادبێت لەنێو ‌ناوچەی سزای تیپی بەرامبەر. تروبین لە دوایین ساتدا بە لێدانی سەر گۆڵی چوارەمی تۆمارکرد و مۆرینیۆ بە راکردنێکی شێتانە بەرەو باوەشی تۆپکۆکەرەوەکان چوو.
 
ئێستا تیروپشک جارێکی دیکە مۆرینیۆ و ریال مەدرید بەیەک دەگەینێتەوە. گرێبەستەکەی مۆرینیۆ تاوەکو هاوینی 2027 بەردەوامە، بەڵام دەنگۆی وەرگرتنی پۆستی راهێنەری هەڵبژاردەی پۆرتوگال دوای مۆندیال هێشتا بەردەوامە. مۆرینیۆ لە تەمەنی 63 ساڵیدا، هێشتا وەک جاران بە پەرۆشە و دەیەوێت ساتی مێژوویی تۆماربکات.