زەورا و جەوییە داوای دوورخستنەوەی ناوبژیوانێک دەکەن

رووداو دیجیتاڵ

هەردوو یانەی جەوییە و زورا داوایان لە یەکێتیی تۆپی پێی عێراق کردووە، چیدی واسق محەمەد ناوبژیوان یارییەکانی ئەو دوو یانەیە لە خولی ئەستێرەکانی عێراق بەڕێوە نەبات.
 
کارگێڕیی هەردوو یانە راگەیێندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و تێیدا رێککەوتنێکی فەرمییان راگەیاند بۆ پێشکێشکردنی نووسراوێکی هاوبەش بۆ یەکێتی تۆپی پێی عێراق، بۆ پێنەسپاردنی ئەرکی بەڕێوەبردنی یارییەکانی هەروو یانە لەلایەن واسق محەمەدی ناوبژیوان.
 
لە نووسراوەکەیاندا، هەردوو یانەکە بە تووندی رەتیانکردووەتەوە ئەو ناوبژیوانە چ وەک ناوبژیوانی سەرەکی، یان وەک بەشێک لە تیمی ناوبژیوانی ڤار لە یارییەکانیان  دەستنیشان بکرێت. 
 
کارگێڕی هەردوو یانە ئاماژەیان بەوە کردووە کە بڕیارەکەیان لە دوای ئەوە دێت کە بە "هەڵەی ناوبژیوانی دووبارەبووەوە و کاریگەر" ناویان هێناوە لە کاتی یارییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا، کە پێیانوایە راستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر ئەنجامی یارییەکانیان هەبووە و پرەنسیپەکانی دادپەروەری و کێبڕکێی یەکسانیان خستووەتە مەترسییەوە.
 
هەروەها لە راگەیندراوەکە جەوییە و زەورا دەڵێن، "هەردوو یانە دژی دەستنیشانکردنی هەمان ناوبژیوانن بۆ یارییەکانیان، ئەمەش بەهۆی دووبارەبوونەوەی بڕیارە ناوبژیوانییە جێگای مشتومڕەکان کە بووەتە هۆی رەخنەی فراوان و ناڕەزایەتی لە ناوەندە وەرزشی و جەماوەرییەکاندا".
 
لە راگەیاندراوەکە هەروەها دەڵێت "بە بڕوای یانەکانمان، ئەم رووداوانە کاریگەری نەرێنییان لەسەر وێنە و متمانەی خولەکە دروست کردووە".
 
لە راگەیندراوەکە یانەی زەورا و جەوییە جەختیان کردەوە کە هەڵوێستەکەیان بە مەبەستی پەرەپێدانی گرژییەکان یان بە ئامانجگرتنی کەسەکان نییە، بەڵکو بۆ پاراستنی مافەکانی یانەکانیان و پاراستنی پاکوبێگەردیی کێبڕکێکانە. داوایان کردووە پێوەرە پیشەییەکان لە هەڵسەنگاندنی ئاستی ناوبژیواناندا پەیڕەو بکرێت و رێکارەکانی لێپرسینەوە بەپێی رێسا کارپێکراوەکان جێبەجێ بکرێن.
 
هەردوو یانە هەروەها دەڵێن "داوایان لە لیژنەی ناوبژیوانانی یەکێتی تۆپی پێی عێراق کردووە، پێداچوونەوەیەکی گشتگیر بۆ ئاستی ناوبژیوانان بکات و هەنگاوی چاکسازی بەپەلە بنێت، ئەمانەش بریتین لە بەهێزکردنی چاودێری هونەری و باشترکردنی کاریگەریی سیستەمی ڤار بۆ کەمکردنەوەی هەڵە یەکلاکەرەوەکانی ناوبژیوانی لە یارییەکانی داهاتوودا".
 
لە کۆتایی راگەیندراوەکەدا جەخت کراوەتەوە کە هەردوو یانە تەواوی مافە یاساییەکانی خۆیان دەپارێزن ئەگەر یەکێتی تۆپی پێ وەڵامی داواکارییە رەواکانیان نەداتەوە. هەروەها دووبارە پاڵپشتیی خۆیان بۆ هەر دەسپێشخەرییەکی چاکسازی دەربڕیوە کە ئامانجی باشترکردنی ئاستی ناوبژیوانی و بەرزکردنەوەی ئاستی گشتیی خولی ئەستێرەکانی عێراق بێت.