ئارسیناڵ و لیڤەرپوول بە دوو ئامانجی جیاواز چاویان لە بردنەوەیە
رووداو دیجیتاڵ
یانەی ئارسیناڵ دەیەوێت قەرەبووی دۆڕانی یاریی رابردووی بکاتەوە و پارێزگاری لە شوێنی خۆی لە پێشەنگی ریزبەندی پرێمەرلیگ بکات، کاتێک لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی لیدز یونایتد یاریی دەکات.
لە دەستپێکی رکابەرییەکانی گەڕی 24ـی پرێمەرلیگ، یانەی ئارسیناڵی پێشەنگی ریزبەندی خولەکە لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی لیدز یونایتد یاریی دەکات، یانە لەندەنییەکە دەیەوێت قەرەبووی دۆڕانی یاریی بەرامبەر مانچێستەر یونایتد بکاتەوە و شوێنی خۆی لە پێشەنگی ریزبەندی خولەکە بەهێزتر بکات، بەڵام ئەرکی ئاسان نییە.
گانەرز لەم وەرزەدا تەنیا 3 یاریی دۆڕاندووە، دوای بردنەوەی لە کایرات لە چامپیۆنزلیگدا و بەدەستهێنانی هەشتەم سەرکەوتنی لەسەریەک چاوی لەوەیە لە پرێمەرلیگدا ژمارەی خاڵەکانی زیاتر بکات.
لیدز یونایتد شازدەیەمی ریزبەندی خولەکەیە، تیپەکە لە یاریگەی خۆیدا یاریی دەکات و چاوی لەوەیە ئەنجامێکی باش بەدەستبهێنێت بۆ ئەوەی زیاتر لە پلەکانی دواوەی ریزبەندی خولەکە دووربکەوێتەوە.
یانەی لیڤەرپوول لە یارییەکی لووتکەی ئەم هەفتەیەی پرێمەرلیگدا بەرامبەر نیوکاسڵ یونایتد یاریی دەکات و دەیەوێت زیاتر لە پلەکانی پێشەوەی ریزبەندی خولەکە نزیکببێتەوە.
رێدز لەنێو یاریگە و هاندەرانی میوانداریی نیوکاسڵ دەکات، بەر لە یارییەکە لیڤەرپوول لە دوایین گەڕی قۆناخی خولی چامپیۆنزلیگدا بە شەش گۆڵی بێبەرامبەر لە قەرەباخ ئاگدامی بردەوە و راستەوخۆ گەیشتە قۆناخی شازدە و دەیەوێت لە پرێمەرلیگیشدا زیاتر بچێتە پێشەوە.
لیڤەرپوول یاریی رابردووی لە پرێمەرلیگدا دۆڕاندووە و دەیەوێت سوود لە یاریگە و هاندەرانی وەربگرێت بۆ ئەوەی قەرەبووی ئەو دۆڕانە بکاتەوە و زیاتر لە پلەکانی پێشەوە نزیکببێتەوە.
نیوکاسڵ لە دوو یاریی رابردووی پرێمەرلیگدا نەیبردووەتەوە، تیپەکە لە دەرەوەی یاریگەی خۆی یاریی دەکات و چاوی لە ئەنجامێکی باشە بۆ ئەوەی شوێنی خۆی لە ریزبەندی خولەکەدا باشتر بکات.