نەورۆز جگە لە بردنەوە بژاردەیەکی دیکەی نییە
رووداو دیجیتاڵ
دوای دوو دۆڕانی لەسەریەک یانەی نەورۆز چاوی لە بەدەستهێنانی سێ خاڵی دیکەیە، کاتێک بەرامبەر یانەی دیالە یاریی دەکات.
یارییەکە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە یاریگەی نەورۆز لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت، خاوەن یاریگە دوای ئەوەی دوو یاریی رابردووی بەرامبەر یانەکانی کەرخ و گەرمە دۆڕاند، دەیەوێت سوود لە یاریگە و هاندەرانی وەربگرێت بۆ ئەوەی بردنەوەیەکی دیکە تۆماربکات و زیاتر لە پلەکانی دواوەی ریزبەندی خولەکە دووربکەوێتەوە.
وەلی کەریم، راهێنەری یانەی نەورۆز لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکە گوتی "ماوەی ئامادەکارییەکانمان کورت بوو، بۆیە زیاتر بیرکردنەوەمان لای چاکبوونەوە بوو و هەوڵمانداوە هەڵە تاکەکەسییەکان چارەسەر بکەین. دیالە تیپێکی زەحمەت و بەڕێزە، یاریزانی زۆرباشی هەیە و شوێنەکەشی لە ریزبەندی خولەکەدا باشە، ئێمە تەنیا بەشداری لە یارییەکەدا ناکەین، بەڵکو بیر لە بردنەوە دەکەینەوە."
یانەی نەورۆز لە پلەی حەڤدەیەمی ریزبەندی خولەکەیە، پێویستی بەبردنەوەیە بۆ ئەوەی لە ناوچەی دابەزین دووربکەوێتەوە، یانەی دیالە دەیەمی ریزبەندە، شەش یاریی رابردوو لە هیچ یارییەکدا نەیبردووەتەوە، دوو جار دۆڕاوە و لە چوار یارییدا یەکسانبووە.