مۆرینیۆ زیانێکی زۆر گەورەی بە ریال مەدرید گەیاند

رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی ئەو شکستەی یانەی بێنفیکای پۆرتوگالی بەسەرکردایەتی جۆزێ مۆرینۆ بە یانەی ریال مەدریدی گەیاند، یانە ئیسپانییەکە لەڕووی داراییەوە زیانێکی زۆر گەورەی پێگەیشتووە.
 
رۆژنامەی ئەی ئێسی ئیسپانی لە راپۆرتێکیدا رایگەیاند کە سەرنەکەوتنی راستەوخۆی ریال مەدرید بۆ قۆناخی شانزەی چامپیۆنزلیگ، زیانی نزیکەی 20 ملیۆن یۆرۆی بە یانەکە گەیاندووە.
 
یانەکە 9.2 ملیۆن یۆرۆی لەدەستدا، ئەوەش بەهۆی سێ شکست لە قۆناخی یەکەم، هەروەها 1.9 ملیۆن بەهۆی دابەزین لە پلەی سێیەمەوە بۆ پلەی نۆیەمی ریزبەندییەکە. تیپەکە ملیۆنێک یۆرۆی زیادەی وەردەگرت ئەگەر لە هەشت تیپەکەی یەکەم بووایە.
 
ریال مەدرید هەروەها پاداشتێکی 11 ملیۆن یۆرۆیی لەدەستدا، لەبەرئەوەی نەیتوانی راستەوخۆ بگاتە قۆناخی شانزە.
 
ریال مەدرید تاوەکو ئێستا نزیکەی 39 ملیۆن یۆرۆی لە پاڵەوانێتییەکە بەدەستهێناوە، 18.6 ملیۆن پاداشتی بەشداری. 10.5 پاداشتی پێنج بردنەوە. 8.9 ملیۆن بەهۆی پێنج بردنەوە و ملیۆنێک یۆرۆ پاداشتی ئەو تیپانەی لە نێوان پلەکانی نۆیەم تاوەکو 24 بەدەست دەهێنن.
 
ریال مەدرید ئەگەر لە ئەنجامی هەردوو یاریی پاشکۆ لە بێنفیکا بباتەوە، ملیۆنێک یۆرۆی دیکە وەردەگرێت، هەروەها 11 ملیۆنیش پاداشتی گەیشتن دەبێت بە قۆناخی شانزەی چامپیۆنزلیگ.
 
لەدوا گەڕی قۆناخی یەکەمی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپادا، بێنفیکا میوانداریی ریال مەدریدی کرد و 4-2 شکستی پێهێنا و ئەو دۆڕانە وایکرد ریال مەدرید لە تۆپ هەشت دەربچێت و ناچار بێت لە پلەی ئۆفدا دوو یاریی دیکە ئەنجام بدات، کە تیروپشک دووبارە خستییەوە بەرامبەر بێنفیکا.