چین 13 یانە و 73 کەسایەتی بەتۆمەتی بەرتیل وەرگرتن سزادا


رووداو دیجیتاڵ

فیدراسیۆنی تۆپی پێی چین، بڕیاری راگرتنی 73 کەسی بەشێوەی هەتاهەتایی لە کارکردن لە تۆپی پێ راگەیاند، لە نێویاندا لی تای، راهێنەری پێشووی هەڵبژاردەی وڵاتەکە، پاشئەوەی دەرکەوت دەستکاریی ئەنجامی یارییەکانی خولی نێوخۆی وڵاتیان کردووە و گەندەڵییان بەسەردا ساخ بووەتەوە.
 
فیدراسیۆنەکە هەروەها 13 یانەی پلە یەکی وڵاتەکەی بەلێشکاندنی خاڵی جیاواز بەهۆی هەمان دۆسێوە سزادا.
 
فیدراسیۆنی تۆپی پێی چین ئاشکرایکردووە، بڕیارەکانی پاش "پێداچوونەوەی تەواو" دەرکردووە کە زۆر پێویست بووە، بۆ سەپاندنی یاسا و رێککاری بەسەر کەرتی تۆپی پێی وڵاتەکە و خاوێنکردنەوەی ژینگەکەی و پاراستنی مافی رکابەرییەکی هاوسەنگ لە نێو خولی پلە یەکی وڵاتەکەدا.
 
لە چەند ساڵی رابردوودا، تۆپی پێی چین هەڵمەتی گەورەی لەناوبردنی گەندەڵی و سزادانی بەرپرسانی بەخۆوە بینی، بەهۆی بڵاوبوونەوەی گەندەڵی لە بوارەکەدا.
 
فیدراسیۆنەکە دوایین حاڵەتی گەندەڵیی لە بوارەکەدا ئاشکرانەکردووە، بەڵام رایگەیاندووە چەندین بەرپرسی گەورەی فیدراسیۆنەکە دوورخراونەتەوە و دەیان کەسی دیکەش، لە کارکردن لە بوارەکەدا بۆ هەتا هەتایە سڕکراون، بەهۆی یارییکردن و گرەو لەسەر ئەنجامی یارییەکان.
 
فیدراسیۆنەکە هەروەها ئەوەشی روون نەکردووەتەوە، چۆن دەستکاریکردنی ئەنجامەکان روویانداوە.
 
لی تای، کە یەکێکە لە سزادراوەکان، پێشتر یاریزانی ئیڤێرتۆنی ئینگلیزی بووە، لە نێوان 2019 تاوەکو 2021 راهێنەری هەڵبژاردەی وڵاتەکەی بووە، ساڵی 2024 بەبەندکردن بۆ ماوەی 20 ساڵ سزادراوە، بەهۆی تۆمەتبارکردنی بەوەرگرتنی بەرتیل.
 
فیدراسیۆنی تۆپی پێی چین دەڵێ، لی جیا لە سزاکەی پێشووی، سزایەکی نوێی بەسەردا سەپێنراوە کە بێبەشکردنە لە کارکردن لە بواری تۆپی پێ تاهەتایە و لەگەڵ ئەودا 72 کەسی دیکەش هەمان سزایان بەسەردا سەپێنراوە.
 
لە نێوان سزادراوەکاندا، هەروەها شویوان چینی سەرۆکی پێشووی فیدراسیۆنی تۆپی پێی وڵاتەکە هەیە، کە ئەویش بەهۆی تۆمەتبارکردنی بەوەرگرتنی بەرتیل بەبڕی 11 ملیۆن دۆلار سزای بەندکردنی تاهەتایی بەسەردا سەپێنراوە.
 
فیدراسیۆنەکە دەڵێ، لە کۆی 16 یانە کە بەشدارییان لە وەرزی 2025ی خولی پلە یەکی وڵاتەکەدا کردووە، یانزە یانەیان خاڵیان لێدەشکێنرێت و رووبەڕووی سزای دارایی دەبنەوە.
 
یانەکانی تیانجین جیمین تایگەر و شەنگهای شینوای دووەمی وەرزی رابردوو، سزای تووندیان بەسەردا سەپێنرا، بە لێشکاندنی دە خاڵ لە هەر یانەیەک و پێبژاردنی بڕی یەک ملیۆن یوانی چینی کە دەکاتە 144 هەزار دۆلار.
 
سزاکە بەر لە وەرزی 2026ی خولی تۆپی پێی وڵاتەکە جێبەجێ دەکرێت کە بڕیارە مانگی سێی ئەمساڵ دەستپێبکات.
 
هەرچی یانەی شەنگهای پۆرتی پاڵەوانی سێ وەرزی رابردووی خولەکەیە، پێنج خاڵ لە کۆی خاڵەکانی دەشکێنرێت و 400 هەزار یوان پێبژاردنی بەسەردا جێبەجێ دەکرێت کە دەکاتە نزیکەی 57 هەزار دۆلار.
 
هەمان سزای سەر یانەی شەنگهای بەسەر یانەی بەیجین گوانیشدا سەپێنراوە.