تورکیا دوای 24 ساڵ و کۆسۆڤۆ بۆ یەکەمجار دەیانەوێت بگەنە مۆندیال
رووداو دیجیتاڵ
دوایین یارییەکانی پاشکۆی پاڵاوتنی گەیشتن بە مۆندیالی 2026 بەڕێوەدەچن، هەردوو هەڵبژاردەی کۆسۆڤۆ و تورکیا لە رووبەڕووبوونەوەیەکی مێژووییدا رکابەری لەسەر گەیشتن بە مۆندیال دەکات.
یارییەکە کاژێر 21:45 لە کۆسۆڤۆ بەڕێوەدەچێت، هەردوو تیپ رکابەری لەسەر بەدەستهێنانی بلیتێکی پاشکۆی ئەورووپا دەکەن بۆ گەیشتن بە مۆندیال.
هەڵبژاردەی کۆسۆڤۆ لە یاریی رابردوودا بەشێوەیەکی دراماتیکی بە چوار گۆڵ بەرامبەر سێ گۆڵ سلۆڤاکیای بردەوە، ئەو یارییەیان لە دەرەوەی یاریگەی خۆیان بوو، ئەمشەو لە یاریگەی خۆی یاریی دەکات و چاوی لە تۆمارکردنی مێژووە.
کۆسۆڤۆ هەرگیز بەشداریی لە مۆندیالدا نەکردووە و ئەگەر ئەمشەو سەربکەوێت دەبێتە یەکەمجار لە مێژوویدا بەشداری لە مۆندیالدا بکات.
لە بەرامبەردا هەڵبژاردەی تورکیا، لە یاریی رابردوودا بە گۆڵێکی بێبەرامبەر لە رۆمانیای بردەوە و گەیشتە ئەم قۆناخەی پاشکۆ.
تورکیا دووجار بەشداریی لە مۆندیالدا کردووە، دوایینجار 24 ساڵ لەمەوبەر بوو کاتێک لە مۆندیالی کۆریای باشوور و ژاپۆن لە ساڵی 2002 پلەی سێیەمی بەدەستهێنا.
ئاردا گولەر، ئەستێرەی لاوی یانەی ریال مەدرید دەیەوێت هاوکاریی وڵاتەکەی بکات بۆ ئەوەی کۆتایی بە چاوەڕوانییەکانی تورکیا بهێنێت بۆ گەیشتن بە مۆندیال.
براوەی ئەم یارییە لە قۆناخی کۆمەڵەکانی مۆندیالدا لە کۆمەڵەی چوارەم و بەرامبەر ئەمریکا، پاراگوای و ئوسترالیا یاریی دەکات.
بەر لەم یارییە حکومەتی کۆسۆڤۆ بڕیارییداوە هەر یاریزانێک بە 1.08 ملیۆن یۆرۆ پاداشت بکات، ئەگەر یارییەکەیان بەرامبەر هەڵبژاردەی تورکیا بردەوە و گەیشتنە مۆندیال.