دزیکۆ و گاتوسۆ؛ یەک بلیت و دوو خەونی جیاواز بۆ گەیشتن بە مۆندیال
رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردەی ئیتاڵیا، لەبەردەم هەلێکی مێژووییدایە بۆ ئەوەی کۆتایی بە چاوەڕوانیی هاندەرانی بهێنێت بۆ ئەوەی جارێکی دیکە بگاتەوە مۆندیال.
ئیتاڵیا لە دوایین شەوی پاشکۆی پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە مۆندیال، لەسەر ئاستی ئەورووپا، لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر هەڵبژاردەی بۆسنە یاریی دەکات.
یارییەکە کاژێر 21:45 لە یاریگەی بلینۆ پۆلی بەڕێوەدەچێت کە تەنیا شوێنی 15 هەزار و 600 هاندەری تێدا دەبێتەوە و بۆسنییە دەیانەوێت سوود لەو یاریگەیە وەربگرن بۆ ئەوەی ئیتاڵییەکان لە گەیشتن بە مۆندیال بێبەش بکەن.
هەڵبژاردەی ئیتاڵیا بە سەرکردایەتیی جینارۆ گاتوسۆی راهێنەر و ساندرۆ تۆنالیی ئەستێرەی هێڵی ناوەڕاست دەیانەوێت بەشدارینەکردنی ئیتاڵیا لە مۆندیالی 2018 و 2022 لەبیر هەمووان ببەنەوە و بە سەرکەوتن بۆ مۆندیالی 2026 رۆما و هەموو ئیتاڵیا دڵخۆشبکەن.
هەڵبژاردەی ئیتاڵیا 4 جار نازناوی جامی جیهانیی بردووەتەوە و 18 جار بەشدارییکردووە، بەڵام سەرنەکەوتنی بۆ دوو مۆندیالی رابردوو هەمووانی نیگەرانکرد، ئێستا ئیتاڵییەکان پێیانوایە کاتی گەڕانەوەیە.
هەڵبژاردەی بۆسنە، تەنیا یەکجار لە 2014 بەشداریی لە مۆندیالدا کردووە، لە 3 یاریی قۆناخی کۆمەڵەکاندا یارییەکی بردەوە و دوو یاریی دۆڕاندووە، هەر لەو قۆناخەشدا کرایە دەرەوە.
لەو کاتەوە لە ماوەی 12 ساڵی رابردوودا هەڵبژاردەکە نەیتوانیووە بگاتە مۆندیال.
ئیدین دزیکۆ، ناسراوترین یاریزانی هەڵبژاردەی بۆسنەیە، تەمەنی 40 ساڵە و لە دوایین ساڵەکانی یارییکردنیدایە، بەر لەوەی بڕیاری وازهێنان بدات دەیەوێت مێژووییەکی دیکە بۆ تۆپی پێی وڵاتەکەی بە گەیشتن بە مۆندیال تۆماربکات.
دزیکۆ بە تۆمارکردنی 73 گۆڵ گۆڵکاری مێژوویی بۆسنەیە و خاوەنی زۆرترین یاریی نێودەوڵەتییە بەدرێسی هەڵبژاردەکەوە و 147 یاریی ئەنجامداوە.
ئیتاڵیا و بۆسنە 6 یارییان بەرامبەر یەکدی کردووە، ئازووری 4 سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، لە یارییەکدا دۆڕاوە و یارییەکی نێوانیان بەیەکسانبوون کۆتاییهاتووە.
بردنەوەکەی بۆسنە لە ئیتاڵیا بەر لە 30 ساڵ بووە لە 1996، کاتێک لە یاریگەی خۆی لە یارییەکی دۆستانەدا بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک سەرکەوتنی بەدەستهێنا.
براوەی یاریی نێوان هەردوو هەڵبژاردەی بۆسنە و ئیتاڵیا، لە مۆندیالی 2026 لە کۆمەڵەی دووەم رووبەڕووی هەڵبژاردەکانی کەنەدا، قەتەر و سویسرا دەبێتەوە.