هەولێر و زەورا خاڵەکانیان دابەشکرد و ڤار بووە رێگر لەبەردەم هەولێرییەکان



رووداو دیجیتاڵ

هەولێر لەنێو یاریگەی خۆی بەرامبەر زەورا بە گۆڵێک یەکسانبوو، دوای ئەوەی ناوبژیوان لە رێگەی ڤارەوە گۆڵێکی بۆ یانەی خاوەن ماڵ رەتکردەوە.
 
لە گەڕی 25ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق، یانەی هەولێر بەبێ هاندەر لە یاریگەی خۆی میوانداری یانەی زەورای کرد. یارییەکە لە سەرەتاوە بە هێرشەکانی هەولێر دەستیپێکرد و یاریزانانی ئەو تیپە چەند هێرشێکی مەترسیداریان بردە سەر گۆڵی تیپی میوان، بەڵام بێ ئامانج بوون و نیوەی یەکەم بە ئەنجامێکی سپی و بێ گۆڵ کۆتاییهات.
 
لە نیوەی دووەمدا راهێنەری هەولێر باسم قاسم یاری بە شێرزوود تێمیرۆڤ کرد و لە خولەکی 52ـدا، مایکۆڵ کابرێرا دوای وەرگرتنی ئەسیستێکی جوان لەلایەن کریستیان بارکۆوە، گۆڵی یەکەمی بۆ هەولێر تۆمارکرد. لە خولەکی 65ـدا هەمان یاریزان توانی گۆڵی دووەم بۆ هەولێر تۆماربکات، بەڵام ناوبژیوان دوای گەڕانەوە بۆ ڤار، بە بیانووی بوونی فاول گۆڵەکەی رەتکردەوە.
 
زەورا سوودی لە هێرشێکی پێچەوانە وەرگرت و لە خولەکی 71ـدا، لە رێگەی برایان ریاسکۆسەوە گۆڵی یەکسانبوونی تۆمارکرد و ئەنجامەکەی گەڕاندەوە خاڵی سەرەتا.
 
بەم ئەنجامە هەولێر کۆی خاڵەکانی گەیاندە 51 خاڵ و لە پلەی سێیەمی ریزبەندی دێت، زەوراش بە 46 خاڵ پلەی پێنجەمی گرتووە.