نەورۆز چوارەم بردنەوەی لەسەریەکی تۆمارکرد

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی نەورۆز چوارەم بردنەوەی لەسەریەکی لە خولی ئەستێرەکانی عێراقدا تۆمارکرد و لە یاریگەی خۆی لە یانەی نەفتی میسانی بردەوە.
 
لە رکابەرییەکانی گەڕی 25ـی خولەکەدا، یانەی نەورۆز لە یاریگەی خۆی بەرامبەر نەفتی میسان یارییکرد و یارییەکەی بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر بردەوە.
 
خاوەن یاریگە بە ئاستێکی بەرزەوە دەرکەوت و لە خولەکی 25 نێتۆ ئاکارا، بەلێدانی سزا گۆڵی پێشکەوتنی بۆ یانەی نەورۆز تۆمارکرد.
 
بەر لە تەواوبوونی نیوەی یەکەمی یارییەکە لە خولەکی 41 محەممەد رەزا، نەورۆزی کردە خاوەنی گۆڵی دووەم و تیپەکەی وەلی کەریم، نیوەی یەکەمی یارییەکەی بە ئارامییەکی زۆرەوە تەواو کرد.
 
لە نیوەی دووەمدا، نەفتی میسان هەوڵیدەدا ئەنجامەکە بگۆڕێت، گۆڵێکیان تۆمارکرد، بەڵام لەلایەن ناوبژیوانەوە رەتکرایەوە.
 
پاوڵ کۆمۆلافێ، یاریزانی یانەی نەورۆز کارتی سووری پێدرا، بەڵام ناوبژیوان بە بڕیارەکەیدا چووەوە و کارتە سوورەکەی رەتکردەوە، بەمشێوەیە یانەی نەفتی میسان ناڕەزایەتیی پێشاندا و چەند خولەکێک یارییەکە راگیرا.
 
نەورۆز یارییەکەی بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر بردەوە، چوارەم بردنەوەی لەسەریەکی لە خولی ئەستێرەکانی عێراقدا تۆمارکرد، یانەکە لە دوایین 10 یارییدا تەنیا دووجار دۆڕاوە.
 
وەلی کەریم خەریکە بەڵێنەکەی بۆ باشترکردنی ئەنجامەکانی نەورۆز دەباتەسەر، لەکاتێکدا پێشتر گوتبووی "پەلە مەکەن نەورۆز باشتر دەبێت."
 
یانەی نەورۆز ئێستا خاوەنی 37 خاڵە و لە پلەی نۆیەمی ریزبەندی خولەکەیە، لە یاریی داهاتوودا لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی دیالە یاریی دەکات.
 
دوای بردنەوەی یارییەکە یانەی نەورۆز لە پەیامێکدا نووسیوویەتی "کاتێک ئاگری نەورۆز و "نەوت" بەیەک دەگەن، بێگومان ئاگرەکەمان گەورەتر دەبێت."