هەولێر یاریی لووتکە بەرامبەر زەورا دەکات و یاریزانی ژمارە 12 دەگەڕێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
هەولێر لە یارییەکی سەرنجڕاکێشدا بەرامبەر زەورا یاریی دەکات و هاندەران دەگەڕێنەوە نێو یاریگەی فرانسۆ هەریری، بۆ پاڵپشتیکردنی یانەکەیان.
لە درێژەی یارییەکانی گەڕی 25ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق، کاژێر 15:00 لە یاریگەی فرانسۆ هەریری یانەی هەولێر لە یارییەکی لووتکەدا میوانداریی یانەی زەورا دەکات و دەیەوێت درێژە بە ئەنجامە باشەکانی بدات بۆ بەردەوامبوون لە رکابەریکردن لەسەر پلەکانی پێشەوەی ریزبەندی خولەکە.
بۆ ئەم یارییە هاندەرانی هەولێر کە لە ماوەی رابردوودا بەهۆی دۆخی ناوچەکەوە لە بینینی یارییەکانی یانەکەیان بێبەشبوون دەگەڕێنەوە نێو یاریگەی فرانسۆ هەریری و دەتوانن پاڵپشتیی ئیمپڕاتۆر بکەن.
باسم قاسم، راهێنەری یانەی هەولێر لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکە دەڵێت "هیوادارین ئەنجامێکی ئەرێنی بەدەستبهێنین و بەردەوامی بدەینە ئەنجامە باشەکانمان بۆ ئەوەی پارێزگاری لە پلەکانی پێشەوەی ریزبەند بکەین."
راهێنەری هەولێر لەبارەی گەڕانەوەی هاندەران بۆ نێو یاریگە گوتی "گەڕانەوەی هاندەران پاڵپشتییەکی گەورە دەبێت بۆ ئێمە، دڵخۆشم کە لە یارییەکەدا دەگەڕێنەوە. لە رووی هونەرییەوە یارییەکە بۆ هەردوو تیپ زەحمەت دەبێت."
سەرهەنگ موحسین، کاپتنی یانەی هەولێر بەشداریی لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا کرد و گوتی "یاریی نەکردنی چەند یاریزانێک بەرێژەیی کاریگەریی لەسەرمان دەبێت، پشتبەخوا ئەنجامێکی باش بەدەستدەهێنین کە شایستەی ناوی هەولێر و هاندەرانی بێت."
سەرهەنگ دەڵێت "زەورا یانەیەکی گەورەیە، یارییەکە زەحمەت دەبێت، ئێمە وەکو یاریزانان دڵخۆشین بە گەڕانەوەی یاریزانی ژمارە 12 بۆ نێو یاریگە، کە هاندەرانمانن."
لەلایەن خۆیەوە لوئەی سەڵاح، راهێنەری یانەی زەورا لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکە گوتی "رووبەڕووبوونەوەی هەولێر زەحمەتە و یارییەکی زۆر گرنگە، ئێمە زۆر یاریزانمان یاریی ناکەن و کاریگەریی لەسەر تیپەکە هەیە، بەڵام تیپەکە رۆحیەتی بەرزە و یاریزانەکان متمانەیان بەخۆیان هەیە."
راهێنەری زەورا لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت 'خەومی گەورەم یارییەکە نییە، بەڵکو نیگەرانی ئەوەم ژمارەی یاریزانە پێکراوەکانم زیادببێت."
لە یارییەکەی ئەمڕۆدا، لە ریزەکانی یانەی هەولێر هەریەکە لە شێرزوود تێمیرۆڤ، گۆڵکاری یانەکە بە تۆمارکردنی 20 گۆڵ، بەهۆی پەیوەندیکردن بە هەڵبژاردەی ئۆزبەکستانەوە، کومەیل سەعدی، گۆڵپارێزی یانەکە بەهۆی پەیوەندیکردنی بە هەڵبژاردەی عێراق و مستەفا قابیل بەهۆی پێکانەوە یاریی ناکەن.
یانەی زەورا بۆ یارییەکەی بەرامبەر هەولێر لە تواناکانی 10 یاریزان بێبەش دەبێت، ئاکام هاشم، حوسێن عەبدولکەریم، مەیسەم جەبار، کەرار نەبیل بەهۆی پەیوەندیکردنیان بە هەڵبژاردەی عێراق، عەبدوڵڵا نەسیب و عامر جاموس، بەهۆی پەیوەندیکردنیان بە هەڵبژاردەی ئوردنەوە یاریی ناکەن.
هەریەکە لە جەلال حەسەن، ئەلیکساندەر ئوراها، عومەر نوری و کیڤن مفیدی بەهۆی نا ئامادەییانەوە لە رووی جەستەییەوە یاریی ناکەن.
بەر لە یارییەکە هەولێر لە پلەی سێیەمی ریزبەندی خولەکەیە بە کۆکردنەوەی 50 خاڵ، دوو خاڵ لە یانەی شورتەوە دوورە، زەورا لە پلەی پێنجەمی ریزبەندی خولەکەیە و 45 خاڵی هەیە.