فەرمی.. یاریی هەولێر و زەورا بەبێ ئامادەبوونی هاندەران دەکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

بەشێوەیەکی فەرمی بڕیار لە یاریی نێوان هەردوو یانەی هەولێر و زەورا درا و یارییەکە بەبێ ئامادەبوونی هاندەران بەڕێوەدەچێت.
 
یاریی نێوان هەردوو یانە ئەمڕۆ ئێوارە کاژێر 15:00 لە یاریگەی فرانسۆ هەریری لە هەولێر بەڕێوەدەچێت و هەردوو یانە رکابەری لەسەر پلەکانی پێشەوەی ریزبەندی خولەکە دەکەن.
 
هەرچەند سەرەتا بڕیاربوو هاندەران لە یاریگەدا ئامادەبن و پاڵپشتیی یانەی هەولێر بکەن، بەڵام بڕیاری ئامادەبوونی هاندەران هەڵوەشێنرایەوە و پارێزگای هەولێر بڕیارییدا یارییەکە بەبێ ئامادەبوونی هاندەران بەڕێوەبچێت.
 
دەقی راگەیێنراوی ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر
 
بۆ سەرجەم وەرزشوان و وەرزشدۆستان و هاندەرانی ئازیزی یانەی وەرزشی هەولێر
 
ئاگادارتان دەکەینەوە:
 
سەبارەت بە یاریی نێوان هەردوو یانەی ( هەولێر و زەورا ) کە ئەمڕۆ سێشەممە 2026.3.31 لە سەر یاریگای شەهید فەڕەنسۆ هەریری ئەنجام دەدرێت، ئەوەش دوای ئەوەی لەسەر داواکاری هاندەرانی یانەکە، کارگێڕی یانەی هەولێر بڕیاردرابوو یارییەکە بە ئامادەبوونی هاندەران بێت، بەڵام بەهۆی ئەو بارودۆخە ئەمنییەی ڕووبەڕووی شارەکەمان بۆتەوە، کە هەر ئەمڕۆ بەیانی چەندین درۆنی تیرۆریستان لە ئاسمانی شارەکەمان تەقێندرایەوە، بڕیارماندا بە:
 
" ئەنجامدانی یاری نێوان ( یانەی هەولێر و یانەی زەورا ) بەبێ ئامادەبوونی هاندەران بەڕێوەبچێت "
 
ئەم بڕیارە تەنیا لەپێناو پاراستنی سەلامەتی گیانی هاندەرانی خۆشەویست و هاونیشتمانیانی ئازیزی شارەکەمانە، کە لای ئێمە لە هەموو دەستکەوتێکی ماددی و وەرزشی بە نرخترە، وێڕای ئەوەی دەزانین هاندەران تینووی بینینی یارییەکەن و یانەکەشمان لە ڕووی داراییەوە زیانمەند دەبێت، بەڵام پاراستنی ئێوە لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە.
 
دووبارە داوای لێبووردن لە هاندەرانی دڵسۆزی یانەی شارەکەمان دەکەین، کە هەمیشە داینەمۆی سەرکەوتنەکانانی یانەكەن.
 
ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر