بارسێلۆنا ئەستێرەیەک بێئومێد دەکات؛ کاتەکە تەواو بوو

رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسانی یانەی بارسێلۆنا بەیەکجاری دەرگایان بەڕووی بێرناردۆ سیلڤای ئەستێرەی پۆرتوگالیی یانەی مانچێستەر سیتیدا داخست و پەیامی ئەوەیان بۆ ناردووە کە "کات تەواو بوو".
 
سەرەڕای ئەوەی هاوینی داهاتوو گرێبەستەکەی لەگەڵ مانچێستەر سیتی کۆتایی دێت و خۆیشی ئارەزووی پۆشینی درێسی بارسێلۆنای هەیە، بەڵام بێرناردۆ سیلڤای پۆرتوگالی بەتەواوی لە پلانەکانی یانە کەتەلۆنییەکە چووەتە دەرەوە.
 
سەرچاوەیەکی نزیک لە بارسێلۆنا بە رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی راگەیاندووە کە یانەکە لە مێرکاتۆی هاوینی داهاتوودا هەوڵ بۆ گواستنەوەی سیلڤای تەمەن 31 ساڵ نادات، و بە کورتی دووپاتیکردووەتەوە "کاتی ئەو تەواو بوو".
 
ئەم بڕیارە لەکاتێکدایە کە خۆرخی میندێزی بەڕێوەبەری کارەکانی سیلڤا پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ یانە کەتەلۆنییەکە هەیە، بەڵام ستافی تەکنیکی بەسەرۆکایەتی هانزی فلیک پێیانوایە کە ئەو یاریزانە چیدی یەکێک لە بژاردەکانیان نییە.
 
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە لە هێڵی ناوەڕاستدا یاریزانی زۆر هەن کە لە شوێنی ئەو یاری دەکەن، جگە لەوەی تەمەنیشی بەرەو هەڵکشان چووە.
 
بێرناردۆ سیلڤا لە هاوینی 2022 ئامانجێکی سەرەکی بارسێلۆنا بوو، ئەوەش لەسەر داوای چاڤی هێرناندێزی راهێنەری پێشوو. لەو کاتەدا یاریزانەکە ئامادەیی خۆی نیشاندا گوشار بۆ گواستنەوەی بکات، زۆر کەسیش پێیانوابوو پێپ گواردیۆلا رێگری لە رۆشتنی ناکات، بەڵام گرێبەستەکە سەرینەگرت.
 
هەمان هەل لە هاوینی 2023 دووبارە بووەوە، بەڵام بارسێلۆنا لە کۆتاییدا بڕیاریدا لەبری ئەو، گرێبەست لەگەڵ ئیلکای گوندۆگان واژۆ بکات.
 
ئێستا و دوای تێپەڕبوونی چوار ساڵ بەسەر یەکەم گرنگیدانی راستەقینە، وادیارە بارسێلۆنا بڕیاری کۆتایی خۆی داوە و پێی باشترە گرنگی بە بەهێزکردنی هێڵی هێرشبەر و هێنانی بەرگریکارێکی چەپ بدات، نەک گرێبەستکردن لەگەڵ یاریزانێکی هێڵی ناوەڕاست کە تەمەنی لە 32 ساڵ نزیک دەبێتەوە.