یاسایەکی نوێی ئۆفساید لە خولێکی پیشەگەردا تاقی دەکرێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
فیفا بڕیاریدا بەفەرمی یاسا نوێیەکەی ئۆفساید کە بە 'یاسای رووناکی' دەناسرێت، لە خولی نایابی کەنەدا تاقی بکاتەوە، ئەمەش بەئامانجی زیاترکردنی گۆڵ و خێراکردنی ریتمی یارییەکان.
خولی نایابی کەنەدا دەبێتە یەکەمین خولی پیشەگەر لە جیهاندا یاسا پێشنیازکراوەکەی ئارسین ڤینگەر، بەرپرسی گەشەپێدانی تۆپی پێ لە فیفا تاقی بکاتەوە. ئەم بڕیارە لە 4ـی مانگی 4ـی 2026 لەگەڵ دەستپێکی وەرزی نوێی خولەکە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
بەپێی ئەم یاسا نوێیە، یاریزانی هێرشبەر تەنیا ئەوکاتە بە ئۆفساید دادەنرێت بۆشاییەکی دیار لەنێوان ئەو و دوایین بەرگریکاردا هەبێت. ئەگەر هەر بەشێکی جەستەی هێرشبەرەکە، کە بتوانێت گۆڵی پێ تۆمار بکات، لە هێڵی بەرگریکارەکەدا بێت، ئەوا یاریزانی هێرشبەر بە ئۆفسايد دادەنرێت. ئەم گۆڕانکارییە دەبێتە هۆی ئەوەی یاریزانی هێرشبەر سوودی زیاتر وەربگرێت و رێگری لە هەژمارکردنی ئەو ئۆفسایدانە دەگرێت بە سانتیمەترێکی کەم یان تەنیا بە نوکی پێ یان سەر شانی یاریزانەکە هەژمار دەکران.
جگە لە یاسای ئۆفساید، سیستمێکی نوێی ڤیدیۆیی بەناوی 'پشتیوانی ڤیدیۆیی تۆپی پێ' FVS تاقیدەکرێتەوە. لەم سیستمەدا راهێنەران دەتوانن لە رێگەی کارتی پێداچوونەوەوە داوای ئاڵنگاری بڕیارەکانی ناوبژیوان بکەن. جیاوازی ئەم سیستمە لەگەڵ ڤار ئەوەیە، ناوبژیوانەکان خۆیان هەموو رووداوەکان بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی نابیننەوە، بەڵکو تەنیا کاتێک راهێنەرەکە داوا دەکات، پەنا بۆ شاشە دەبرێت بۆ بڕیاردان لەسەر گۆڵ، لێدانی سزا و کارتە سوورەکان.
ئارسین ڤینگەر سەبارەت بەم تاقیکردنەوەیە دەڵێت "ئەمە تاقیکردنەوەیەکی گرنگە. بە تاقیکردنەوەی ئەم یاسا نوێیە لە خولێکی پیشەگەردا، دەتوانین باشتر لە کاریگەرییەکان تێبگەین، بە تایبەت لەڕووی روونبوونی بڕیارەکان و خێراکردنی ریتمی یارییەکان و هاندانی یاریی هێرشبەری".
بڕیارە یاریی کردنەوەی خولەکە لەنێوان هەردوو یانەی فۆرج و ئۆتاوا لە 4ـی مانگی 4ـی 2026 ئەنجام بدرێت، کە تێیدا جیهان چاوی لەسەر ئەو گۆڕانکارییانە دەبێت کە رەنگە لە اهاتوودا هەموو خولە گەورەکانی ئەورووپاش بگرێتەوە.