هیلال لە گواستنەوەی ئەستێرەیەکی دیکە بۆ سعودیە نزیکدەبێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
یانەی هیلالی سعودی لە گواستنەوەی گۆڵکارێکی بەنێوبانگ نزیکبووەتەوە و میدیای سعودی دەڵێت "گواستنەوەی یاریزانەکە تەنیا لەسەر کات وەستاوە."
ڤیکتۆر ئۆسیمێن، هێرشبەری نەیجیری و یانەی گاڵاتەسەری تورکی کە بەشێوەی خواستن لەم وەرزەدا یاریی بۆ ئەو یانەیە دەکرد و هێرشبەری یانەی ناپۆلیی ئیتاڵییە، بەتەواوی لە پەیوەندیکردن بە یانەی هیلالی سعودییەوە نزیکبووەتەوە.
بەپێی هەواڵی میدیای سعودی، دوای ئەوەی ئاستێکی بەرزی لەم وەرزەدا لەگەڵ گاڵاتەسەرای پێشکێشکرد، یاریزانەکە بووەتە ئامانجی سەرەکی یانەی هیلال و یانە سعودییەکە دەیەوێت بە گواستنەوەی ئەو یاریزانە، بەهێزێکی زۆرەوە بەشداری لە مۆندیالی یانەکاندا بکات.
ئۆسیمێن، لەم وەرزەدا لەگەڵ گاڵاتەسەرای 26 گۆڵی لە 37 یارییدا بۆ یانەکە تۆمارکرد، بووە گۆڵکاری خولی تورکیا، بەباشترین یاریزانی خولی تورکی دەستنیشانکرا و لەگەڵ یانەکە خول و نازناوی جامی تورکیای بەدەستهێنا و لە دوایین یارییدا بەدرێسی یانەکەوە ماڵئاوایی لەو یانەیە و هاندەرانی کرد.
یانەی هیلال ئامادەیە 3 ساڵ گرێبەست لەگەڵ ئەو یاریزانە بکات، 45 ملیۆن یۆرۆ وەکو مووچەی ساڵانە دەداتە یاریزانەکە و بەشێوەیەکی گشتی دەگاتە 135 ملیۆن یۆرۆ.
مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی ڤیکتۆر 75 ملیۆن یۆرۆیە و هیلال هەنگاوەکانی بۆ جێبەجێکردنی ئەو مەرجە دەستپێکردووە و بەفەرمی هەنگاوەکانی گواستنەوەی یاریزانەکە دەستیانپێکردووە.
هەنگاوەکانی هیلال بۆ گواستنەوەی یاریزانەکە لەکاتێکدایە ڤیکتۆر ئۆسیمێن، لە پەیامێکدا لە ئینستاگرام ماڵئاوایی لە گاڵاتەسەرای کرد و گوتی "ئەم سەرکێشییە کۆتاییهات."
یانەی هیلال لە مۆندیالی یانەکاندا لە کۆمەڵەی هەشتەم یاریی دەکات، یەکەم یاریی بەرامبەر یانەی ریال مەدریدی ئیسپانییە، دوای ئەوە بەرامبەر پاچوکای مەکسیکی و سالزبۆرگی نەمسایی یاریی دەکات و بۆ بەشدارییەکی بەهێز لە پاڵەوانێتییەکەدا، چەند یاریزانێکی بەتوانای کردووەتە ئامانج، لەوانەش برونۆ فێرناندێز و نیکۆلۆ بارێلا.