عه‌بدولخالق مه‌سعود: دهۆك و برایه‌تی به‌شداریی خولی نایاب ناكه‌ن
رووداو – هه‌ولێر
سه‌رۆكی یه‌كێتیی تۆپی پێی عێراق ره‌تیكرده‌وه له كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ یه‌كێتییه‌كه‌یاندا بڕیاریاندابێت یانه‌كانی دهۆك و برایه‌تی به‌شداریی خولی نایابی عێراق بكه‌ن، ئاشكراشیكرد، وه‌رزی نوێی خوله‌كه به شێوازی خولی گشتی به دوو قۆناخ ده‌بێت.
عه‌بدولخالق مه‌سعود به تۆڕی میدیایی رووداوی راگه‌یاند، له كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی یه‌كێتیی تۆپی پێ له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری یانه‌كاندا، كه له به‌غدا به‌ڕێوه‌چوو، هیچ بڕیارێكیان نه‌داوه سه‌باره‌ت به گه‌ڕاندنه‌وه‌ی یانه‌ی دهۆك بۆ خولی نایاب و هه‌روه‌ها به‌شداریكردنی یانه‌ی برایه‌تی له خوله‌كه‌دا.
سه‌رۆكی تۆپی پێی عێراق كه به مه‌لا عه‌بدولخالق له نێوه‌ندی وه‌رزشیی كوردستان و عێراق ناسراوه، ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا چوارشه‌ممه‌ی داهاتوو بڕیار له‌سه‌ر به‌ڕێوه‌چوونی شێوازی هه‌فتانه‌ی یارییه‌كانی وه‌رزی نوێی خولی عێراق ده‌درێت، كه ئایه هه‌ر 5 رۆژ جارێك یان 4 رۆژ جارێك گه‌ڕێكی یارییه‌كان به‌ڕێوه‌بچێت.
گوتیشی: بڕیارمانداوه وه‌رزی ئه‌مساڵی خولی نایاب به به‌شداریی 20 یانه ده‌بێت و به شێوازی خولی گشتی و به دوو قۆناخی چوون و گه‌ڕانه‌وه به‌ڕێوه‌ده‌چێت.
وه‌رزی رابردوو خولی نایابی عێراق به شێوازی دوو كۆمه‌ڵه ئه‌نجامدرا، كه تیپه‌كان دابه‌شكرانه سه‌ر 2 كۆمه‌ڵه و له هه‌ر كۆمه‌ڵه‌یه‌كدا 4 تیپ بۆ قۆناخی كۆتایی سه‌ركه‌وتن و له كۆتاییدا یانه‌ی زه‌وڕا نازناوه‌كه‌ی برده‌وه، هیچ یانه‌یه‌كی باشووری كوردستانیش نه‌یانتوانی بگه‌نه قۆناخی كۆتایی.