یانەی هەولێر گەیشتە یاریی کۆتایی جامی عێراق

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی هەولێر بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا گەیشتە یاریی کۆتایی جامی عێراق، دوای ئەوەی سەرکەوتنی بەرامبەر یانەی حدوود بەدەستهێنا.
 
لە یەکەم یاریی قۆناخی پێشکۆتایی پاڵەوانێتییەکەدا، هەولێر لە بەغدا رووبەڕووی یانەی حدوود بووەوە و یارییەکەی بە گۆڵێکی بێبەرامبەر بردەوە و بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا خۆی گەیاندە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە.
 
هەولێر لە نیوەی یەکەمی یارییەکەدا بە ئاستێکی بەرزەوە دەرکەوت، بەڵام نەیتوانی گۆڵ بکات و نیوەی یەکەم بەیەکسانبوون بەبێ گۆڵ کۆتاییهات.
 
لە نیوەی دووەمی یارییەکەدا هەولێر درێژەی دایە هێرشەکانی و لە خولەکی 52 مەحموود خەلیل، گۆڵی پێشکەوتنی بۆ یانە زەردپۆشەکە تۆمارکرد و هەولێری پێشخست.
 
دوای ئەم گۆڵە حدوود هەوڵی زۆریدا بۆ ئەوەی ئەنجامەکە راستبکاتەوە، هەولێریش بەرگرییەکی باشی لە گۆڵەکەی کرد و یارییەکە بە گۆڵێکی بێبەرامبەر لە بەرژەوەندیی یانەی هەولێر کۆتاییهات و یانەکە بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا گەیشتە یاریی کۆتایی جامی عێراق.
 
هەولێر لە یاریی کۆتایی جامی عێراقدا، بەرامبەر براوەی یاریی نێوان هەردوو یانەی قوە جەوییە و کەرخ یارییدەکات، کە رۆژی سێشەممە لە دووەم یاریی ئەم قۆناخەدا رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
 
دوای بردنەوەی هەولێر و گەیشتنی بە یاریی کۆتایی جامی عێراق، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "هەموو پاڵپشتییەکی یانەی هەولێر دەکەین و بەڵێنەکەمان بە زیادەوە بۆ یاریزانەکان دەبەینە سەر و هیوادارم ئەم ساڵ نازناوەکە بۆ هەولێر بێت."    

 

یانەی هەولێر پێشتر چوار لە ساڵی 2007، 2008، 2009 و 2012 چوار جار نازناوی خولی یانەکانی عێراقی بردووەتەوە و یەکەمجارە لەسەر ئاستی جامی عێراق دەگاتە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە.