بەفەرمی گەورەترینە لە جیهاندا؛ درجال پێشوازی لە رابیتەی هاندەرانی بارسێلۆنا لە عێراق دەکات



رووداو دیجیتاڵ

عەدنان درجال، سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق، ستایشی دامەزراندنی رابیتەی ناوەندیی هاندەرانی بارسێلۆنا لە عێراق دەکات و رایگەیاند، ئەم هەنگاوە یارمەتیدەر دەبێت بۆ پشتگیریکردنی هەڵبژاردە نیشتمانییەکان لە پاڵەوانێتییە داهاتووەکاندا.


ئەم لێدوانە لە کاتی پێشوازیکردنی سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێ لە رابیتەی ناوەندیی هاندەرانی بارسێلۆنا لە بارەگای یەکێتییەکە هات. درجال جەختیکردەوە، یەکێتییەکەیان کاردەکات بۆ گشتاندنی ئەم ئەزموونە بۆ سەرجەم هاندەرانی یانە جیهانییەکانی دیکە، تاوەکو بە شێوەیەکی نموونەیی سوودیان لێوەربگیرێت بۆ پاڵپشتیکردنی هەڵبژاردەی نیشتمانی.

سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێ گوێبیستی روونکردنەوەیەکی ورد بوو لەلایەن دکتۆر سەیف ئەمسەل ئەلئەنساری، سەرۆکی رابیتە ناوەندییەکەوە، سەبارەت بە چۆنیەتیی دروستبوونی رابیتەکە. رابیتەکە لەلایەن یانەی بارسێلۆناوە پیرۆزبایی لێکراوە و بەپێی ئامارەکانی یانە کەتەلۆنییەکە، بە یەکەمین رابیتە لەسەر ئاستی جیهان دادەنرێت دوای ئەوەی زیاتر لە 14 هەزار هاندەر بوونەتە ئەندام.

عەدنان درجال فەرمانیکرد بە لابردنی سەرجەم ئاستەنگەکانی بەردەم کاری رابیتەکە و داوای لە هەموو رابیتەی یانەکانی دیکە کرد، هەمان رێگای رابیتەی بارسێلۆنا بگرنەبەر بۆ دروستکردنی رابیتەی گرنگ بتوانن پشتگیریی هەڵبژاردە نیشتمانییەکان بکەن.

سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق، پێشوازی لە رابیتەی هاندەرانی بارسێلۆنا لە عێراق کرد، ستایشی ئەزموونەکەیانی کرد و بە گەورەترین رابیتەی هاندەرانی یانەکە لە جیهاندا ناویبردن بەهۆی هەبوونی زیاتر لە 14 هەزار ئەندام. درجال داوا دەکات ئەم ئەزموونە بگشتێنرێت بۆ ئەوەی هاندەرانی یانە جیهانییەکان ببنە پاڵپشتی هەڵبژاردە نیشتمانییەکان.