ئەلۆنسۆ بەبڕیارێک یاریزانەکانی شۆک دەکات و داواکاریی کۆرتوا و ڤالڤێردی رەتدەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
چابی ئەلۆنسۆ، راهێنەری نوێی ریال مەدرید بە بڕیارێک یاریزانەکانی تووشی شۆک دەکات و بە فران گارسیا رادەگەیێنێت کە دەبێت لە ریال مەدرید بڕوات و دواکاریی فێدریکۆ ڤاڵڤێردی و تیبۆ کۆرتوا بۆ مانەوەی ئەو یاریزانەش رەتدەکاتەوە.
لەگەڵ نزیکبوونەوەی کۆتاییهاتنی بازاڕی گواستنەوەی هاوینە، سەرنجەکان لەنێو یانەی ریال مەدریددا روو لەو ناوانە دەکەن کە لە پڕۆژە نوێیەکەی چابی ئەلۆنسۆدا جێگەیان نابێتەوە. لەکاتێکدا میدیاکان سەرنجیان لەسەر گرێبەستە نوێیەکانە، کە وادیارە راهێنەرە ئیسپانییەکە بڕیاری خۆی سەبارەت بە یەکەمین یاریزان کە دەبێت لە یانەکە بڕوات یەکلایی کردووەتەوە.
بەپێی سەرچاوە رۆژنامەڤانییە باوەڕپێکراوەکان، هەردوو ئەستێرە فێدریکۆ ڤاڵڤێردی و تیبۆ کۆرتوا، بەرگرییان لە مانەوەی فران گارسیا لە پێکهاتەکەدا کردووە، تەنانەت هەوڵیان داوە بڕوا بە ئەلۆنسۆی راهینەریان بهێنن کە لە وەرزی داهاتوودا رۆڵێکی باشی دەبێت، بەڵام وادیارە بڕیارە هونەرییەکە دراوە و رای یاریزانەکانیش بۆ گۆڕینی بڕیارەکە هیچ سوودێکی نابێت.
ئاشکرا بووە کە پۆستی باڵی چەپی بەرگری لە ریال مەدرید قەرەباڵغییەکی بێوێنە بەخۆیەوە دەبینێت، بەتایبەتی دوای گرێبەستکردن لەگەڵ لاوی بەهرەمەند ئەلڤارۆ کارێریاس. لەگەڵ مانەوەی فێرلاند مێندی، چیدی جێگە بۆ بوونی سێ یاریزان لە هەمان پۆستدا نامێنێتەوە، ئەمەش وایکردووە فران گارسیا ببێتە قوربانی و نزیکترین کەس بێت بۆ جێهێشتنی یانەکە.
فران گارسیا، کە لە هەموو یارییەکانی جامی جیهانیی یانەکاندا بەشداری کرد، وەک یەکێک لە دەرچووانی ئەکادیمیای یانەکە سەیر دەکرا کە نوێنەرایەتی داهاتووی یانەکە دەکات، بەڵام بەپێی تێڕوانینی ئەلۆنسۆ و ستافی وەرزشی، یاریزانەکە لەگەڵ ئەو شێوازە هونەرییەی کە بۆ وەرزی نوێ داواکراوە، ناگونجێت.
وادیارە هۆکاری سەرەکیی دەستبەرداربوون لێی ئەوەیە کە فران بازاڕێکی چالاکی لە خولە گەورەکاندا هەیە، ئەمەش پڕۆسەی فرۆشتنی ئاسان دەکات بە بەراورد بە فێرلان مێندیی هاوتیپی، کە بەدەست پێکانە دووبارەبووەکانەوە دەناڵێنێت و لە بازاڕدا خواستی لەسەر کەمە.
هەندێک لە یانەکانی پرێمیەرلیگی ئینگلیزی و خولی ئیتاڵی دەستیان بەجوڵە کردووە بۆ گواستنەوەی فران گارسیا، کە زۆر بە بەرگریکارێکی باڵی ئامادە لەسەر ئاستی ئەورووپا دایدەنێن.
ریال مەدرید نرخی دەستبەرداربوونی لە یاریزانەکە بە 15 ملیۆن یۆرۆ دیاری کردووە، کە ئەمەش بڕێکی گونجاوە بە لەبەرچاوگرتنی ئەزموونی پێشووی لەگەڵ یانەی رایۆ ڤاییکانۆ و ئاستی لە یارییە گەورەکاندا.