ڤیدیۆ؛ پۆرتۆ چوارەم بردنەوەی لەسەریەکی تۆمارکرد


رووداو دیجیتاڵ

یانەی پۆرتۆ درێژەی دایە ئەنجامە باش و سەرکەوتنەکانی و یاریی لووتکەی گەڕی چوارەمی خولی پۆرتوگالی لە سپۆرتینگ بردەوە.
 
یارییەکە لە یاریگەی خۆسێ ئالڤالادێی تایبەت بە سپۆرتینگ بەڕێوەچوو، لە نیوەی یەکەمدا یاریزانانی هەردوولا سەرەڕای لەدەستدانی چەند هەلێک لە هەژاندنی تۆڕدا سەرکەوتوو نەبوون.
 
لە خولەکی 60 لوک دی یۆنگ گۆڵی پێشکەوتنی بۆ یانەی پۆرتۆ تۆمارکرد.
 
دوای تەنیا چوار خولەک ویلیام گۆمێز بەلێدانێکی سەرنجڕاکێش گۆڵی دووەمی بۆ یانەی میوان تۆمارکرد.
 
نێهوێن پێرێز لە خولەکی 74 بە هەڵە گۆڵێکی لە خۆیان کردەوە و ئەنجامەکەی بۆ سپۆرتینگ کەمکردەوە.
 
دوای ئەوە هەرچەند لیسبۆنە هەوڵی راستکردنەوەی ئەنجامەکەی دەدا، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو و پۆرتۆ یارییەکەی لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بردەوە.
 
ئەمە چوارەم سەرکەوتنی لەسەریەکی پۆرتۆیە و یەکەم دۆڕانی لیسبۆنەیە لەم وەرزەی خولی پۆرتوگالدا.