مێسی دەیەوێت نازناوێکی دیکە بباتەوە

رووداو دیجیتاڵ

 

لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی ئەرجەنتینی و کاپتنی یانەی ئینتەرمەیامی دەیەوێت دووەم نازناوی جامی خولەکانی ئەمەریکا بەدەستبهێنێت و ببێتە خاوەنی 48 نازناو، کە زۆرترینە لەمێژوودا، کاتێک بەرەبەیانی سبەی لە یاریی کۆتاییدا رووبەڕووی یانەی سیاتیل ساوندێرز دەبێتەوە.
 
لیۆنێل مێسی، هیوادارە نازناوی جامی خولەکانی ئەمەریکا و مەکسیک بۆ دووەمجار بەدەستبهێنێت، کە لە ساڵی 2023یش ئەو نازناوەی بۆ ئینتەرمەیامی بردووەتەوە.
 
مێسی تازە لە پێکانێکی رانی گەڕابووەوە کاتێک لە یاریی پێشکۆتاییدا سەرکردایەتی ئینتەرمەیامی کرد بۆ ئەنجامدانی ریمۆنتادا بەسەر ئۆرلاندۆ سیتیدا، کە لیۆ بەتۆمارکردنی دوو گۆڵی درەنگوەخت بردنەوەیەکی دراماتیکی بەئەنجامی 3-1 بۆ تیپەکەی بەدەستهێنا و گەیشتنە یاریی کۆتایی.
 
مێسی دوای ئەو یارییە دانی بەوەدانا کە لە گێمی یەکەمدا ترساوە لەوەی پێکانەکەی سەرهەڵبداتەوە، بەڵام لە گێمی دووەمدا هەستی بەوەکردووە کە کێشەی نییە.
 
بەسەرکردایەتی مێسی و هاوڕێ کۆنەکانی لە بارسێلۆنا، لویس سوارێز، خۆردی ئەلبا و بوسکێتس، ئینتەرمەیامی لەو دۆخە خراپەی کە لە ناوەڕاستی وەرزی خولی ئەمەریکادا تووشی بوو هاتە دەرەوە، کە 9 بردنەوە و 3 یەکسانبوون و دوو دۆڕانی لە 14 یارییدا لە هەبوو.
 
سیاتیل ساوندێرزی رکابەری مێسی، کە کۆی مووچەی یاریزانەکانی 16.7 ملیۆن دۆلارە، بەبەراورد بە 46.8 ملیۆن دۆلار بۆ ئینتەرمەیامی، بە بێدەنگی وەرزێکی نایاب بەڕێوەدەبات.
 
ئەو تیپە بە باشترین هێڵی هێرشبەرەوە لە خولی ئەم وەرزەدا لەگەڵ ئۆرلاندۆ سیتی یەکسان بوو، و تەنیا یەکجار دۆڕاوە لە 14 یارییدا لە دوای چوونە دەرەوەی لە جامی جیهانی یانەکان.
 
ساوندێرز دەیەوێت ئەنجامی ساڵی 2021 باشتر بکات، کە بە بردنەوەی نازناوەکە، هەموو نازناوە بەردەستەکانی یانەکانی ئەمریکای باکوور بەدەستدەهێنێت.
 
لە تۆمارەکەیدا دوو نازناوی خول، قەڵخانی هاندەران لە خولەکەدا، چوار نازناوی جامی کراوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان و خولی یانە پاڵەوانەکانی کۆنکاکافی هەیە.