بارسێلۆنا لە مەدرید دەیەوێت درێژە بە رکابەریکردنی ریال مەدرید بدات
رووداو دیجیتاڵ
بە ئامانجی بەدەستهێنانی سێیەم سەرکەوتنی لەسەریەک، یانەی بارسێلۆنا دەچێتە مەدرید و رووبەڕووی رایۆ ڤایکانۆ دەبێتەوە.
لە رکابەرییەکانی گەڕی سێیەمی خولەکەدا، ئەمشەو لە دوایین یاریی ئەم گەڕەدا کاژێر 22:30، بارسێلۆنا لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر رایۆ ڤایکانۆ یاری دەکات و دەیەوێت بردنەوەیەکی دیکە تۆماربکات و درێژە بە رکابەریکردنی ریال مەدریدی پێشەنگ بدات.
بارسا لە دوو یاریی رابردوودا سەرکەوتنی بەدەستهێنا و یاریی پێشوو بە زەحمەت بە لێڤانتێی بردەوە، ڤایکانۆ لەو دوو یارییەدا یارییەکی بردووەتەوە و لە یارییەکیشدا دۆڕاوە، یانەکە دەیەوێت سوود لە یاریگە و هاندەرانی وەربگرێت بۆ ئەوەی بردنەوەی سێیەم تۆماربکات.
بارسا لە 47 یارییدا تەنیا 7 جار بەرامبەر رایۆ دۆڕاوە، 30 یاریی بردووەتەوە و لە 10 یارییدا یەکسانبوون، دوایینجار بەرامبەر ئەو یانەیە دۆڕابێت لە ساڵی 2023 بووە.
هانزی فلیک، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکە گوتی "گرنگ بوو ئێمە بەشەش خاڵ وەرزەکە دەستپێبکەین، بەڵام بردنەوەی یاریی سێیەم لەسەر یاریگەی خۆمان کارێکی زۆر پۆزەتیڤ دەبێت. هەرچی رایۆیە، دەبێ ئەوە بڵێم کە ئەوان وەرزی رابردوو، ئاستێکی ناوازە و وەرزێکی ناوازەیان هەبوو. ئینگۆ پێرێزی راهێنەر کارێکی مەزنی کرد. ئەو راهێنەرە تیپێکی زۆر باشی هەیە، پشت بەیاریزانانی لێهاتوو دەبەستن، ئەو یاریزانانەی کە تایبەتمەندیی هێزی هێرشبەریی گەورە و بەرگریی گەورەیان هەیە."