لووتکەیەکی تەواو جیاواز.. ئارسیناڵ میوانی ئێوارەیەکی جیاوازی ئانفێڵد دەبێت
رووداو دیجیتاڵ
لە یاریی لووتکەی رکابەرییەکانی پرێمەرلیگ، دوو یانە کە زۆرترین پارەیان لە گواستنەوەی هاوینەدا خەرجکردووە، بۆ رکابەریکردن لەسەر پلەی یەکەمی ریزبەندی خولەکە رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ کاژێر 18:30 چاوەکان لەسەر یاریگەی ئانفێڵد دەبن، کاتێک هەردوو یانەی لیڤەرپوول و ئارسیناڵ رووبەڕووی یەکدەبنەوە، هەردوو یانە دوو یاریی یەکەمیان بردووەتەوە و چاویان لە بردنەوەی سێیەمە بۆ ئەوەی بچنە پێشەنگی ریزبەندی خولەکە.
لە ریزەکانی یانەی لیڤەرپوول، جێریمی فریمپۆنگ بەهۆی پێکانەوە یاری ناکات، لە ریزەکانی ئارسیناڵ، بوکایۆ ساکا تووشی پێکانبووە، بەڵام چاوەڕواندەکرێت ئەمڕۆ ئێبێرچی ئێزێ یەکەم یاریی خۆی بەدرێسی گانەرزەوە ئەنجامبدات.
رکابەرییەکە رکابەریی دوو یانەیە بۆ بردنەوەی سێیەم، رکابەریی نێوان دوو هێرشبەری نوێیە کە ڤیکتۆر یۆکێرێش و هوگۆ ئیکیتێکێن، رکابەریی دوو یانەیە کە ئەم هاوینە زۆرترین پارەیان لە گواستنەوەی یاریزاناندا خەرجکردووە
ئارنێ سڵۆت، راهێنەری یانەی لیڤەرپوول بەر لە یارییەکە گوتی "ئەگەر تەماشای ئەو کوالیتییە بکەین کە ئەوان هەیانە، دەبینی کوالیتییەکی نایابە، بەڵام خاڵێک هەیە لە وەرزەکەی ئێمەدا کە تاوەکو ئێستا نێگەتیڤ دەرکەوتووە، ئەویش ئەوەیە کە گۆڵمان لێدەکرێت و ئەگەر تەماشا بکەین، لە چوار تۆپی جێگیردا گۆڵمان لێکراوە و ئەوەش یەکێکە لە خاڵە بەهێزەکانی ئەوان، لەبەرئەوە ئەوان توانای یارییکردن بەشێوازی جیاوازیان هەیە. دەتوانی ببینی ئەوان چۆن لەلایەن ئارتێتاوە بەڕێوەدەبرێن و دەزانن کە نزیکەی پێنج ساڵە پێکەوەن و هەمان شێواز و فەلسەفە جێبەجێ دەکەن، ئەمە مانای ئەوەیە کوالیتیی بەڕێوەبردنی ئەوان زۆر بەهێزە."
میکێل ئارتێتا، راهێنەری ئارسیناڵ بە رۆژنامەڤانانی گوت "گابریل جیسۆسمان ئامادەنییە، کای هاڤێرتزیش، هەروەها بوکایۆ ساکا و لەوانەیە لیاندرۆ ترۆسارد، ئەمە دۆخە راستەقینەکەی ئێمەیە، دەبێ چارەسەری بۆ بدۆزینەوە، لەوانەیە شتێک بێت کە پێشتر تاقیمان نەکردووتەوە، دەکرێ سەربکەوێت و دەکرێ سەرنەکەوێت."
راهێنەری گانەرز زیاتر دەڵێت "پێموایە لیڤەرپوول هەرچەندەی ئێمە شێوازمان شاراوەتر بێت و پێکانمان هەبێت، ئەوان زیاتر خۆیان کۆدەکەنەوە بۆ ئەوەی چارەسەر بدۆزینەوە و ئامادەسازییەکانیان باشتر بکەن، ئەمە خاڵێکی پۆزەتیڤە بۆ ئێمە، بەڵام کاتێک تەماشای هەر ساتێکی وەرزی رابردوومان دەکەم، پێموایە لەسەر یاریگەی خۆمان زۆر خاڵمان لەدەستداوە، بەتایبەت یەکسانبوونی زۆرمان هەبوو کە دەکرا بیگۆڕین بۆ سەرکەوتن. ئەمە کەموکورتییەکی گەورەبوو، بەتایبەت لە دوو سێ ساڵی رابردوو و بەرامبەر تیپە گەورەکان، ئێمە لە ئاستماندا جێگیربووین، دەمانەوێست بردنەوە بەدەست بهێنین، بۆیە ئێستاش بەهەمان شێواز و ویستەوە خۆمان بۆ یارییەکەی لیڤەرپوول ئامادەکردووە."