دێربیی کوردستان لە خولی عێراقدا یاریی لووتکە دەبێت
رووداو دیجیتاڵ
لە یاریی دێربی کوردستاندا، لە رکابەرییەکانی خولی یانە نایابەکانی عێراق، هەردوو یانەی هەولێر و زاخۆ رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
لە رکابەرییەکانی گەڕی دووەمی خولەکەدا، کاژێر 16:15 لەسەر یاریگەی فرانسۆ هەریری هەردوو یانە رکابەرییەکی یەکدی دەکەن بۆ بردنەوەی سێ خاڵی یارییەکە.
ئەحمەد سەلاح، راهێنەری یانەی زاخۆ دەیەوێت سێ خاڵ لەو یانەیە وەربگرێت کە چەندین ساڵ سەرکردایەتی هێڵی پێشەوەی یانەکەی کردووە بۆ بردنەوەی نازناوەکانی خولی عێراق.
هەولێر لە یاریی یەکەمدا بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر لە دەرەوەی یاریگەی خۆی لە ئەمانە بەغدای بردەوە، زاخۆ لە یاریگەی خۆیدا بەبێ گۆڵ لەگەڵ یانەی کەرخ یەکسانبوو.
لە دوایین چوار یاریی نێوان هەردوو یانەدا 3 یارییان بە یەکسانبوون کۆتاییهاتووە و یارییەکەی دیکەش لە بەرژەوەندی زاخۆییەکان بووە، بۆیە ئەمڕۆ چاوەڕێی رکابەرییەکی بەهێزی هەردوو نوێنەرەکەی کوردستان دەکرێت لە خولەکەدا.
یانەی زاخۆ لەم وەرزەدا گرێبەستی لەگەڵ چەند یاریزانێکی پیشەگەر واژۆکردووە، بۆ ئەوەی ئەنجامی باشی هەبێت، بەڵام لە یەکەم یارییدا ئەو ئاستەیان پێشکێشنەکرد کە لێی چاوەڕواندەکرا.
لە بەرامبەردا یانەی هەولێر کە زۆرینەی یاریزانەکانی کوردن، لە یەکەم یارییدا بەهێزەوە دەرکەوت و سێ خاڵی لە دەرەوەی یاریگەی خۆی لە یانەی ئەمانە بەغدای وەرگرت، ئەمڕۆش چاوی لەوەیە دووەم بردنەوەی لەسەریەکە لە خولەکەدا.