دێربیی کوردستان.. شەڕی دوو راهێنەری گەورە

رووداو دیجیتال

ئەمڕۆ شەممە لە گەڕی دووەمی خولی یانە نایابەکانی عێراق، یانەی هەولێر لە یاری دێربیی هەرێمی کوردستان کاژێر 16:15 لەنێو یاریگەی فەرەنسۆ هەریری میوانداری یانەی زاخۆ دەکات، راهێنەری هەر دوو تیپ لە لێدوانیان بۆ رووداو جەخت لە وەرگرتنی سێ خاڵی یارییەکە دەکەن.

وەرزی ئەمساڵ یارییەکانی خولی نایابی عێراق بە بەشداری 20 یانەیە، یانەی هەولێر پێکهاتەی ئەمساڵی بریتییە لە یاریزانانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ چوار یاریزانی پیشەگەر، بەسەرکەوتن چووە نێو خولی نایابی عێراق و لە یاری یەکەمدا بە ئەنجامی دوو گۆڵی خاوێن یانەی ئەمانە بەغدای بڕی. 

رادان گاسانین، راهێنەری کرواتی، کە دووەمجارە لە ژیانی وەرزشیدا سەرکردایەتی یانەی هەولێر دەکات لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند "هیچ یانەیەک ئاسان نییە، لە خولی عێراق بەتایبەت لە دەستپێکی خولدا، هەموو یانەکان هەوڵدەدەن خاڵ وەربگرن، ئەم وەرزە بۆ هەموو یانەکان کێشەیەک هەیە، چونکە 6 مانگ هیچ یارییەک و چالاکییەک بەڕێوەنەچوو، کاتێکی زۆر کەممان لەبەردەمدا بوو بۆ خۆئامادەکردن، بۆ ئێمە ئەم یارییە زۆر قورسترە لە یاری یەکەم، لەبەر دوو هۆکار، هۆکاری یەکەم بۆ ئەوەی ئاستی باشی خۆمان پیشان بدەین، هۆکاری دووەمیش ئەوەیە چەند یاریزانێکمان یەکەمجاریانە لە نێو یاریگەی فەرەنسۆ هەریریدا یاریبکەن".

لەم یارییەدا هەریەک لە رێباز عەبدوڵڵا، ئیبراهیم ئەزوەر، وریا کامەران بەهۆی تووشبوونیان بە ڤایرۆسی کۆرنا دوورن لە ریزەکانی یانەی هەولێر، یارییەکەش بەبێ ئامادەبوونی هاندەر بەڕێوەدەچێت. 

گاسانین، روونیشیکردەوە "دەمەوێت یاریزانانم پلانەکانم بەتەواوی جێبەجێ بکەن و بتوانین ژمارەی خاڵەکانمان زیاد بکەین، دەزانم یاری دێربی تایبەتمەندی خۆی هەیە و ئاسان نییە، بەڵام تەنیا ئامانجی من و تیپەکە بەجێهێشتنی لاکێشە سەوزەکەیە بە وەرگرتنی سێ خاڵی یارییەکە". 

یانەی زاخۆ نوێنەری دووەمی هەرێمی کوردستانە لە خولی نایابی عێراق، ئەحمەد سەڵاحی ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی عێراق راهێنەرایەتی دەکات، یانەکە باشترین یاریزانانی عێراقی کۆکردووەتەوە و شەش یاریزانی پیشەگەریش ریزەکانی درێس سوورەکانیان تۆکمە کردووە. 

ئەحمەد سەڵاح، پێشتر وەک یاریزان لە ناو یاریگەی فەرەنسۆ هەریری بە تۆمارکردنی تاکە گۆڵێک یانەی هەولێری کردە خاوەن یەکەم نازناوی خولی نایابی عێراق، بەڵام ئەمجارە وەک راهێنەر دژی ئەم یانەیە دەجەنگێت بۆ بردنەوەی یاریی لوتکە.

ئەحمەد سەڵاح، دوای گەیشتنی شاندی یانەی زاخۆ بۆ شاری هەولێر بۆ رووداو گوت "لە کاتی ئامادەکارییەکانمان یارییەکی دۆستانەمان لەگەڵ یانەی هەولێر ئەنجامدا، خاڵی بەهێز و لاوازی یاریکردنیان دەزانم، رێزم بۆ یانەی هەولێر هەیە و پێکهاتەکەی بەهێزە و یاریزانانیان گونجاون لەگەڵ یەکدی، لەبەرئەوەی چەند وەرزێکە پێکەوە یاریدەکەن، بەڵام ئێمەش ئامادەین بۆ سەرکەوتن و تیپەکەم بەسەرەتایەکی باش دەستپێدەکات و داهاتووییەکی گەورەمان هەیە". 

ئێستا یانەی هەولێر خاوەن سێ خاڵە و لە پلەی چوارەمی ریزبەندی خولی نایابی عێراقە، یانەی زاخۆش بە خاڵێک لە پلەی چواردەیەمی ریزبەندە.