رۆناڵدۆ و جۆرجینا لە کوێی سعودیە دەژین؟
رووداو دیجیتاڵ
کریستیانۆ رۆناڵدۆ بە گرێبەستێکی گرانبەها و مێژوویی پەیوەندیی بە یانەی نەسری سعودییەوە کرد و ئەزموونێکی نوێ لە ئاسیا تاقیدەکاتەوە، پەیوەندیکردنی یاریزانەکە بەو یانەیە کاردانەوەی زۆری دروستکردووە و ئێستا لەنێو میدیای عەرەبی و هاندەراندا باس باسی ئەوەیە کە رۆناڵدۆ لە کوێ دەژیت؟
بەپێی هەواڵی میدیای سعودیە، دوای واژۆکردنی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی نەسر، کە تاوەکو هاوینی 2025 دەبێت و بەرامبەر 200 ملیۆن یۆرۆ دەبێت، کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە سعودیە لە ناوچەیەکی سەرنجڕاکێشی ریازی پایتەخت دەژیت.
ئەو شوێنە ناوی ( حي المحمدية )، شوێنێکی هەرە جوان، سەرنجڕاکێش، پێشکەوتوو و گرانبەهاکانی ریازی پایتەختی سعودیەیە، یەکێکە لە گەڕەکەکانی سەربە شارەوانی ئەلمەعتەر و گەڕەکەکە بەوە بەنێوبانگە کە هەموو پێداویستییەکی تێدایە، لە مزگەوت، قوتابخانە، شوێنی کات بەسەربردن و بازاڕی جیاواز، جگە لەوەش هەموو خزمەتگوزارییەکی تەندروستی و تایبەتمەند لەو گەڕەکەدا گرانبەهایەدا بەردەستە.
( حي المحمدية ) دەکەوێتەوە باکووری پایتەختی سعودیە، رووبەڕووی بە 4.26 کیلۆمەتر چوارگۆشە مەزەندە دەکرێت، لە بەشی رۆژهەڵاتەوە دەکەوێتە سەر رێگەی شا فەهد و گەڕەکی شا فەهد، لە بەشی باشووریشەوە دەکەوێتەوە سەر رێگەی شا عەبدوڵلا و گەڕەکی ئەلرەحمانییە، بەشی رۆژئاوای گەڕەکە سەرنجڕاکێشەکەی ریازیش لەسەر رێگەی میر تورکی بن عەبدولعەزیزی یەکەم و زانکۆی شا سعود، لە بەشی باکووریشەوە لەسەر رێگەی سعود بن عەبدولعەزیز و گەڕەکی ئەلنەخیلە.
پێشتر راپرسییەک لەنێو دانیشتووانی گەڕەکی ( حي المحمدية ) کراوە، ئەو گەڕەکە لە راپرسییەکەدا 4.5ـی لەسەر 5 هێناوە و لەو گەڕەکانەیە کە دانیشتووانەکەی تێیدا هەست بە ئارامییەکی تەواو دەکەن و پێیانوایە لە سەنتەری ریازی پایتەخت ئارامتر و خۆشترە.
لەو گەڕەکەدا کە چاوەڕواندەکرێت کریستیانۆ رۆناڵدۆ و ماڵباتەکەی تێیدا بژین، نرخی خانووبەرە لە بەرزترین ئاستدایە، ئەمەش بەهۆی کوالێتی، جوانی و سەرنجڕاکێشی ڤێلا و باڵەخانەکان لەو گەڕەکەدا.
کریستیانۆ رۆناڵدۆ بەوە بەنێوبانگە کە هەمیشە حەزی لە شوێنی سەرنجڕاکێش و گرانبەها هەیە و گرنگییەکی زۆر بەلایەنی کۆمەڵایەتی و شوێنی نیشتەجێبوونی ماڵباتەکەی دەدات، بۆیەش سەرنجڕاکێشترین و گرانبەهاترین شوێنی سعودیە هەڵدەبژێرێت بۆ ئەوەی لە ماوەی مانەوەی لە خولی سعودیەدا تێیدا بژیت.
شەوی 30-12-2022 کریستیانۆ رۆناڵدۆ بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو، گرێبەستی لەگەڵ یانەی نەسری سعودی واژۆکرد و دوای ئەوەش گوتی " زۆر بەپەرۆشم بۆ تاقیکردنەوەیەکی نوێ لە خولێکی نوێ و دەمەوێت پەیوەندی بە هاوڕێکانمەوە بکەم بۆ ئەوەی هاوکاری تیپەکە بکەین بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتنی زیاتر."