لێدوانی رۆناڵدۆ دوای یەکەم نەبردنەوەی نەسڕ لە خولی رۆشن

رووداو دیجیتاڵ

 

کریستیانۆ رۆناڵدۆ. ئەستێرەی پۆرتوگالی و کاپتنی یانەی نەسڕ، دوای یەکسانبوونی تیپەکەی بەرامبەر یانەی ئیتیفاق، رایگەیاند "ئێمە لەسەر رێگایەکی راستین و دەزانین پێویستە چی بکەین لە ساڵی 2026".
 
یانەی نەسڕ  لە چوارچێوەی یارییەکانی گەڕی 12ـی خولی رۆشنی سعودی بووە میوانی یانەی ئیتیفاق و بەئەنجامی 2-2، لەگەڵیدا یەکسانبوو.
 
کریستیانۆ رۆناڵدۆ گۆڵی دووەمی نەسڕی لە یارییەکەدا تۆمارکرد، بەمەش ژمارەی گۆڵەکانی گەیاندە 13 گۆڵ و لە پێشەنگی گۆڵکارانی خولی رۆشنە، بەهاوبەشی لەگەڵ جواو فێلیکسی هاونیشتیمانی و هاوتیپەکەی. هەروەها کریس زیاتر نزیکبووەوە لە گەیشتن بە 1000 گۆڵ لە کاروانی وەرزشیی خۆیدا، کاتێک توانی بگاتە گۆڵی ژمارە 957ی کاروانەکەی.
 
رۆناڵدۆ لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "X" پۆستێکی بڵاوکردەوە و تێیدا نووسیویەتی "ئێمە لەسەر رێگایەکی راستین، و دەزانین پێویستە چی بکەین لە ساڵی 2026".
 
ئەمە یەکەمجارە لەم وەرزەی خولدا یانەی نەسڕ خاڵ لەدەست بدات، دوای ئەوەی توانیبووی 10 یاری یەک لە دوای یەک بباتەوە، کە ئەوەش باشترین دەستپێکی مێژووی خولەکەیە لەوەتەی سەردەمی پیشەگەرییەوە دەستی پێکردووە.
 
یانەی نەسڕ لە 11 یاری یەکەمی ئەم وەرزەدا هیچ شکستێکی نەهێناوە، ئەمەش بۆ دووەمجارە لە مێژوویدا دوای وەرزی 2013-2014 ئەو دەستکەوتە تۆمار دەکات.