2025 بۆ لالیگا ساڵی رەگەزپەرستی بوو
رووداو - هەولێر
روانگەی ئیسپانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی رەگەزپەرستی و رق و کینە، بەهاوبەشی لەگەڵ دەستەی خولی ئیسپانیا، دوای ئەنجامدانی توێژینەوەیەک، راپۆرتێکی نیگەرانکەریان دەربارەی بڵاوبوونەوەی گوتاری رق و کینە و سووکایەتییە رەگەزپەرستییەکان لە وەرزی 2024-2025 بڵاوکردەوە.
توێژینەوەکە ئاماژە بەوە دەدات کە تۆپی پێ، سەرەڕای ئەوەی ئامرازی یەکخستنی گەلانە، بەڵام هێشتا بووەتە گۆڕەپانێک بۆ ورووژاندنی رەفتارە تووندوتیژەکان؛ چ لەناو یاریگەکان و چ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا. بەتایبەتی لە یارییە گەورەکاندا، هێرشەکان بۆ سەر ئەستێرە درەوشاوەکان گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار.
ژمارەکان دەدوێن: یامال و ڤینیسیۆس بەئامانج گیراون
بەپێی راپۆرتەکە، لەم وەرزەدا 33.438 پۆستی هاندەران وەک 'سوکایەتی' دەستنیشانکراون، کە تەنیا 33٪ـیان سڕدراونەتەوە.
ئەوەی جێگەی سەرنجە، لامین یامالی ئەستێرەی لاوی بارسێلۆنا، لەسەرووی لیستی ئەو یاریزانانەیە کە زۆرترین هێرشی رەگەزپەرستانەیان کراوەتە سەر بەڕێژەی 60٪. لە پلەی دووەمدا ڤینیسیۆس جۆنیۆر دێت بەڕێژەی 29٪، پاشان کیلیان ئێمباپێ 3٪، و یاریزانانی وەک باڵدێ، براهیم دیاز و ئیناکی ویلیامز بەڕێژەی 2٪ بۆ هەر یەکێکیان.
لووتکەی سوکایەتییەکان لە رۆژانی 27 و 28ـی تشرینی یەکەمی 2024 بووە، کە هاوکات بوو لەگەڵ یاریی "کلاسیکۆ"؛ لەوێدا هێرشێکی بێوێنە کرایە سەر لامین یامال، رافینیا و ئانسۆ فاتێ.
ریال مەدرید و بارسێلۆنا پشکی شێریان بەرکەوتووە
دوو جەمسەرەکەی ئیسپانیا، زۆرترین پشکیان لەو هێرشانە بەرکەوتووە. ریال مەدرید لە پلەی یەکەم دێت بە 34٪ و بارسێلۆنا بە 32٪؛ واتە تەنیا ئەم دوو یانەیە 65٪ـی کۆی گشتی وتاری کینە و سووکایەتییەکانیان بەرامبەر یاریزانەکانیان بۆ دروست بووە. یانەکانی ڤایادۆلید، ڤالێنسیا و ئاتلێتیک بیلباو لە پلەکانی دواتردا دێن.
تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و هەڵوێستەکان
راپۆرتەکە دەڵێت 97٪ـی ئەو پەیامانەی بڵاوکراونەتەوە، زمانێکی تووند و رەگەزپەرستانەی راستەوخۆیان تێدابووە کە هانی تووندوتیژی دەدەن. لەڕووی سڕینەوەی ئەم ناوەرۆکە خراپانەش، پلاتفۆرمی فەیسبووک بەباشترین دەستنیشانکراوە کە توانیویەتی 62٪ـی پۆستە خراپەکان لاببات، لەکاتێکدا پلاتفۆرمەکانی دیکە تەنیا 10٪ـی پۆستەکانیان سڕیوەتەوە.
پەیژە گەرمەکان و سکاڵاکان
لەسەر ئاستی یاریگاکان، هاندەرانی یانەکانی ئۆساسۆنا، خیتافی و ریال بێتیس زۆرترین هۆشدارییان پێدراوە. هاندەرانی ئۆساسۆنا بەتەنیا 72 سکاڵایان لەسەر تۆمارکراوە، کە زۆربەی سووکایەتییەکانیان ئاراستەی چیمی ئاڤێلای یاریزانی پێشوویان کردووە.
هەروەها دێربییەکانی شاری سێڤییا لە نێوان سێڤییا و ریال بێتیس وەک گەرمترین و پڕ سووکایەتیترین یارییەکان تۆمارکراون. لە لایەکی دیکەوە، هاندەرانی بارسێلۆنا وەک تووندترین هاندەر بەرامبەر ناوبژیوانان ناسێنراون، کە تێیدا خێل مانزانۆی ناوبژیوان زۆرترین سووکایەتی پێکراوە.
لالیگا جەخت لەوە دەکاتەوە کە بەردەوام دەبێت لە هەڵمەتەکانی هۆشیارکردنەوە بۆ ئەوەی رێگری لەم دیاردەیە بکات، کە تاوەکو گەڕی 35ـی وەرزی رابردوو زیاتر لە 500 سکاڵای فەرمی بەهۆی دیاردەیە تۆمارکرابوون.