کیلیان بووە هۆکاری خانەنشینکردنی پۆلیسێک


رووداو دیجیتاڵ

پۆلیسی نیشتمانیی فەرەنسا، دی جی پی ئێن، بڕیاری دەرکردنی پۆلیسێکی لەسەر کارەکەی راگەیاند، پاشئەوەی بەوەرگرتنی بڕێک پارە لە کیلیان ئێمباپێی ئەستێرەی هەڵبژاردەی فەرەنساوە، تۆمەتبارکرا.
 
ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاندووە، پۆلیسەکە لەلایەن بەرپرسەکانییەوە بەفەرمی لەکارەکەی دوورخراوەتەوە، رەوانەی خانەنشینیی بەپەلە کراوە، بەهۆی ئەوەی بەوەرگرتنی بەرتیل تۆمەتبارکراوە.
 
ئەو پۆلیسە کە لەگەڵ تیمی پۆلیسی چاودێریی فیدراسیۆنی تۆپی پێی فەرەنسا بووە، لە مانگی حەوتی 2023 بڕی 60 هەزار و 300 یۆرۆی لە کیلیان ئێمباپێی کاپتنی هەڵبژاردەی فەرەنسا وەرگرتووە.
 
ئەو پارەیەی کیلیان داوێتی بە پۆلیسەکە، بەشێک بووە لەو پاداشتەی ئەو یاریزانە لە دوای بەشداریکردن لە مۆندیالی 2022 وەرگری گرتووە.
 
رووداوەکە ئەوکاتە ئاشکرابوو کە بانکسازێک، لە مانگی حەوتی ساڵی 2024دا بە هەواڵگریی دارایی 'تراگڤان'ی سەر بە وەزارەتی دارایی و ئابووریی فەرەنسای راگەیاند، رووداوێکی لەو شێوەیە روویداوە و بەهۆیەوە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستیپێکرد.
 
پارێزەری پۆلیسەکە پێشتر گوتبووی پارەکەی کیلیان داوێتی بەخشش بووە و یاسایی بووە، لە رێگەی چەکی بانکییەوە و هیچ پێویست بەوە نەبووە رەزامەندیی بۆ وەربگیرێت.
 
پۆلیسەکە پێشتر لەلایەن پشکنەرانی گشتیی پۆلیسی نیشتمانیی فەرەنساوە لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کرابوو، بەڵام هیچ سزایەکی بەسەردا نەسەپێنرابوو.
 
بەڵام دواتر، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پۆلیسی نیشتمانیی فەرەنسا بڕیاریدا سزای بدات و دەستبەجێ خانەنشینی بکات، لەبەرئەوەی وەرگرتنی پارەکەی ئاشکرا نەکردووە.
 
پۆلیسە تۆمەتبارکراوەکە، کە کەسایەتییەکی ناسراوە و هاوڕێی ماڵباتی ئێمباپێیە، پێشتر رێوشوێنی خۆخانەنشینکردنی گرتبووە بەر.
 
دۆسێیەکە هەر ئەوەندە نییە، لێکۆڵینەوەکان ئاشکرایانکردووە ئێمباپێ بڕی 30 هەزار یۆرۆی بەچوار ئەفسەری دیکە داوە و بەوەش کۆی ئەو پارانەی وەک دیاریی بەخشیویەتی گەیشتووەتە 180 هەزار دۆلار، لە کاتێکدا نزیکەکانی ئەو پۆلیسانە دەڵێن هەموو پارەدانەکان یاسایی و بەبێ بەرامبەر بووە.