2026 بۆ مێسی ساڵی چەسپاندنی نازناوی 'باشترینی مێژوو'ـە
رووداو دیجیتاڵ
لەکاتێکدا کە جیهان پێیوایە شەوی 18ـی کانوونی یەکەمی 2022 لە یاریگەی لوسێلی قەتەر، دوابەشی رۆمانی لیۆنێل مێسی بوو لەگەڵ جامی جیهانی، بەڵام وادیارە کێچە ئەرجەنتینییەکە هێشتا ئامادە نییە پێنووسەکەی دابنێت و کۆتایی بە نووسینەوەی مێژوو بهێنێت.
لەگەڵ زیادبوونی ئاماژەکان و لێدوانی کەسە نزیکەکانی، لە سەروو هەموویانەوە خاڤیێر زانێتی، دەربارەی ئەگەری بەشداریکردنی مێسی لە مۆندیالی 2026، ئێستا چاوەکان لەسەر یاریگەکانی ئەمریکا، مەکسیک و کەنەدان؛ نەک تەنیا بۆ بینینی پاشایەک کە بەرگری لە تاجەکەی دەکات، بەڵکو بۆ تۆمارکردنی 4 دەستکەوتی مێژوویی. کە لەوانەیە ئەم بەشدارییە بکەنە رووداوێکی بێوێنە لە مێژووی تۆپی پێدا:-
1 - بەتەنیا لە لووتکەدا: یانەی شەشەمییەکان
یەکەم و دیارترین دەستکەوت، شکاندنی بەربەستی کاتە. بەشداریکردن لە مۆندیالی 2026، لیۆنێل مێسی دەکاتە یەکەم یاریزان لە مێژووی تۆپی پێدا کە بەشداری لە 6 وەشانی جیاوازی جامی جیهانیدا کردبێت 2006، 2010، 2014، 2018، 2022 و 2026. بەمەش مێسی پێش رکابەرە مێژووییەکانی وەک لۆتار ماتیۆس، رافا مارکێز و کریستیانو رۆناڵدۆ دەکەوێت کە خاوەنی 5 بەشدارین.
هەرچەندە ئەگەر هەیە کریستیانو رۆناڵدۆش هاوشانی بێت ئەگەر لەگەڵ پۆرتوگال ئامادە بێت، بەڵام گەیشتنی مێسی بەم ژمارەیە وەک پاڵەوانی جیهان و کاپتن، تاموچێژێکی تایبەتی هەیە و دەسەلمێنێت کە بەردەوامیی ئەو لە لووتکەدا رێکەوت نییە، بەڵکو ئەنجامی پەرجۆیەکی بایۆلۆجی و وەرزشییە.
2 - خەونی دووانە مەحاڵەکە
لە دوای پێلێ بەرازیلی لە ساڵانی 1958 و1962، هیچ هەڵبژاردەیەک یان کاپتنێک نەیتوانیوە بۆ دووجار لەسەریەک نازناوی مۆندیال بپارێزێت. ئەگەر مێسی سەرکەوتوو بێت لە گەیاندنی تانگۆ بۆ سەر سەکۆی نازناوەکە، دەستکەوتێک دەچنێتەوە کە مارادۆنا، زیدان و رۆناڵدۆی دیاردەش بۆیان نەکراوە.
بردنەوەی دوو جامی جیهانی بەدوای یەکدا، مێسی لە خانەی ئەو ئەفسانەیەی خەونەکەی هێناوەتەدی، دەگوازێتەوە بۆ خانەی سەرکردەیەکی نەمر، کە کۆتایی بە نەفرەتی نەبوون بەپاڵەوان دەهێنێت، کە لەم چەند دەیەی دواییدا بەرۆکی گەورەکانی گرتبوو.
3 - ئاهەنگی لەدایکبوون لە گۆڕەپانی جەنگدا
دەستکەوتی سێیەم رەهەندێکی سۆزداریی بێوێنەی هەیە. مێسی کە لە 24ـی حوزەیران لەدایکبووە، یادی 39 ساڵەی تەمەنی لەنێو جەرگەی کێبڕکێکانی مۆندیالدا دەکاتەوە.
ئەوەی تەمەنت بگاتە 39 ساڵ و هێشتا یاریزانی ژمارە یەک بیت، یان لانیکەم سەرکردەیەکی کاریگەر بیت لە هەڵبژاردەی وڵاتەکەتدا، سیناریۆیەکە کە تەنیا گەورەترین نووسەرانی دراما دەتوانن بیهێننە بەرچاو. ئاهەنگگێڕان بە درێسی نیشتمانی لە رێوڕەسمێکی جیهانیدا، وەک 'پاداشتی کۆتایی خزمەت' دەبێت لەلایەن تۆپی پێوە بۆ کوڕە پەرجۆوەکە؛ ساتێک دەبێت کە کامێراکان وەک وێنەی پیاوێک تۆماری دەکەن کە 39یەمین مۆمی تەمەنی دەکوژێنێتەوە، لەکاتێکدا بەهەمان ئەو خولیایەی منداڵییەوە بەدوای تۆپدا رادەکات.
4 - مۆری 'مۆمە سوورەکە' لەسەر کتێبی مێژوو
لە کۆتاییدا پرسی 'باشترینی مێژوو' دێتە پێشەوە. هەرچەندە نازناوی 2022 تاوەکو رادەیەکی زۆر مشتومڕەکەی لە بەرژەوەندیی لیۆنێل مێسی یەکلاکردەوە، بەڵام هەمیشە دەنگێک هەیە کە گومان دەکات یان بەراوردکاری دەکات.
گەڕانەوە لە 2026 و پێشکەشکردنی ئاستێکی بەرز یان بردنەوەی نازناوەکە، دەبێتە 'فیشەکی رەحمەت' بۆ هەر بەراوردکارییەک کە مابێت. دوای ئەوە چیدی کەس ناوێرێت هیچ ناوێکی دیکە بخاتە تەک ناوی مێسی، چ لە نەوەی کۆن یان نوێ. درەوشانەوە لەو تەمەنەدا دەبێتە بەڵگەی بڕاوە کە مێسی تەنیا یاریزانێکی بەهرەمەند نییە، بەڵکو دیاردەیەکە دووبارە نابێتەوە، بەمەش کتێبی مێژوو بۆ هەمیشە بە ناوی خۆی دادەخات.
مۆندیالی 2026 بۆ مێسی تەنیا پاڵەوانێتییەکی ماڵئوایی نییە، بەڵکو دەرفەتێکە بۆ نووسینەوەی پەراوێزی زیاتر لە لاپەڕەکانی شکۆمەندیدا و بەدەستهێنانی دەستکەوتگەلێک کە سنووری یاریگە دەبەزێنن و دەگەنە سنووری نەمریی وەرزشی.