لە هەرێمی كوردستان 161 هەزار تووشبوو بە نەخۆشی شەکرە هەن
رووداو - سلێمانی
شەكرە، نەخۆشییە بەربڵاوەكەی جیهانە، ئەو نەخۆشییەی كە رۆژانە تووشبووانی زیاددەكات، بۆیە لە باشووری كوردستان رۆژی جیهانیی شەكرە یاددەكرێتەوە و چەندین كەمپین بۆ هۆشیاركردنەوەی خەڵكی لە شەقامەكانەوە رادەگەیێنرێت، چونكە لە هەرێمی كوردستاندا 161 هەزار كەس تووشی ئەم نەخۆشییە بوون.
رێكەوت حەمە رەشید، وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ رووداو گوتی: "رێژەی شەكرە لە كوردستاندا بەو شێویە نییە كە جێگەی مەترسی بێت، هەرچەندە لە جیهاندا پێشبینی دەكرێت تا ساڵی 2030 نزیكەی 595 ملیۆن كەس تووشی نەخۆشی شەكرە ببن، بەڵام لە كوردستاندا لەسای 2013 دا رێژەی تووشبووان 161 هەزار كەسە".
پسپۆڕانی نەخۆشی شەكرە باس لەوە دەكەن كە ئەوانەی تەمەنیان دەگاتە سەروو 40 ساڵ دەبێت شەش مانگ جارێك پشكنین ئەنجام بدەن ، چونكە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەكە روو لە زیادبوونە
سەنتەری توێژینەوەی شەكرە لە شاری سلێمانی لەساڵی 2007 دامەزراوەو 19 هەزار نەخۆش لەم سەنتەرەدا رێنمایی دەرمان وەردەگرن. سەنتەرەكەش پێویستی بە كارمەندی پسپۆڕ هەیە بۆ زیاتر بەڕێكردنی كارەكانیان.
د. میران محەممەد، بەڕێوەبەری فەرمانگە تەندروستییەكانی سلێمانی بە رووداوی گوت: "پێویستمان بە كارمەندی تەندروستی زیاتر هەیە نەك تەنیا لە سەنتەری شەكرە، بەڵكو لە نەخۆشخانەی شاریش پێویستمان پێیەتی".
14 /11 وەك رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی شەكرە لەجیهاندا دیاریكراوە. بەپێی ئامارەكانی رێكخراوی تەندرووستی جیهانی 400 ملیۆن كەس تووشی نەخۆشییەكە بوون.