شوێنی دەرچوونی زیپكە و پەیوەندی بە نەخۆشییەكانی جەستە

رووداو – alaan


بەپێی پزیشكیی چینی "پێست پەنجەرەیەكە، كە بەهۆیەوە پاشماوەكانی گورچیلە، سییەكان و گەدە لێیەوە دەردەچن"، بۆیە هاتنی زیپكە لە شوێنە جیاوازەكانی جەستە نیشانەی نەخۆشین لە ئەندامەكانی ناوەوە.

پزیشكیی چینی یەكێكە لە كۆنترین جۆرەكانی پزیشكیی لە جیهان و هەندێكجار ناوی "پزیشكیی رۆژهەڵاتی" شی لێدەنرێت، بەپێی ئەم پزیشكییە هەر جۆرە گۆڕانێك لە جەستە رووبدات هۆكاری نەخۆشییە جیاوازەكانی ناوەوەیە و نابێت پشتگوێبخرێت لەكاتی دەرمان پێداندا. هەر بەم هۆیەوە بەپێی پزیشكیی چینی كاتێك جەستە نەخۆشدەبێت لە رێگەی دەرخستنی زیپكە لە شوێنە جیاوازەكانی جەستە ئاگادارمان دەكاتەوە.


- زیپكە لە سەرەوەی نێوچەوان
 پەیوەندی بە كۆئەندامی هەرس و میزڵدانەوە هەیە
 ئەوەی پێویستە بكرێت :

1 - زۆر ئاوخواردنەوە بۆ دەركردنی ژەهرەكانی جەستە.
2 - كەمكردنەوەی خواردنەوەی ئەو خواردنانەی مادەی كافێین و گازییان تێدایە و خواردنەوەی چای سەوز بۆ ئەوەی شوێنگرەوەی كافێین بێت لە جەستەدا.
3 - كەمكردنەوەی خواردنی شۆكۆلاتە، كێك، شەربەتی لیمۆ، خواردنەوەی ئەو خواردنانەی كە دەبنە هۆی پاراوی جەستە وەكو سڵق، كەلەرەم و سێوی كوڵێندراو.
4 - زوو خەوتن، ئەگەر نەشتتوانی زوو بخەویت ئەوا تەنیا چوونە نێو جێگا و راكشان یارمەتی ئارامبوونەوەی جەستە دەدات و دەبێتە هۆی ئەوەی گورچیلە ئارامبێت و ئامادەبێت بۆ كاركردن لە رۆژی دوایی.
5 - وەرزشكردن بۆ ماوەی 20 تاوەكو 30 خوولەك لە هەر رۆژێكدا و باشترە وەرزشكردنەكەش لە شوێنێكی كراوەبێت.
6 - زۆر گرنگیدان بە پاكوخاوێنی جەستە بەتایبەتیش قژ.


- زیپكە لە بەشی خوارەوەی نێوچەوان
 پەیوەندی بە دڵەوە هەیە، ئەوەی دەبێت بۆ چارەسەركردنی بكرێت:

1 - وەرزشكردن بە بەردەوامی.
2 - خواردنەوەی 8 كوپ ئاو لە رۆژێكدا.
3 - پابەندبوون بە خۆراكی تەندروست و كەمكردنەوەی رێژەی بەكارهێنانی ئەو خواردنانەی كۆلسترۆلی زۆریان تێدایە و باشترە رێجیمێك بكرێت، كە خواردنەكانی رێژەی ریشاڵیان تێدا زۆربێت.
4 - جگەرەنەكێشان.


- زیپكە لە گوێ
 پەیوەندیدارە بە نەخۆشییەكانی گورچیلە
 كاتێك گورچیلە نەخۆشە دەبینی زیپكەی گەورەی بە ئازار لە گوێت دێت، كە بە ماوەیەكی زۆریش لاناچن.
 ئەوەی دەبێت بكرێت :

1 - زۆر ئاو خواردنەوە.
2 - نەخواردنی ئەو خۆراكانەی كافێینی زۆریان تێدایە، دووركەوتنەوە لە خواردنی سوێر.
3 - پاراوكردنی گورچیلە لەرێگەی خواردنی مەعدەنووس.


- زیپكە لە دەوری چاو و لە نێوان برۆ
 پەیوەندیدارە بە گورچیلە
 زیپكەی وردی سوور لەو شوێنانە نیشانەی ئەوەن گورچیلە ماندووە و پێویستی بە پاككردنەوەیە.
 ئەوەی پێویستە بكرێت :

1 - خواردنی ئەو میوانەی رێژەیەكی زۆر ڤیتامین سی-یان تێدایە وەكو كیوی، بیبەری شیرین و پرتەقاڵ، كە لە هەمان كاتدا مێشكیش ئارامدەكەنەوە.
2 - دووركەوتنەوە لە خواردن لە درەنگانی شەودا.
3 - كەمكردنەوەی ئەو خۆراكانەی رۆن، كحول و شەكری زۆریان تێدایە.
4 - خواردنی چای سەوز، گێزەر، چەوەندەر لیمۆ و ئەو خواردنانەی گەڵای سەوزن.


- زیپكە لەسەرووری روومەت
 پەیوەندی بە سییەكان و كۆئەندامی هەناسە هەیە، ماندووبوونی سی رەنگە ببێتە هۆی دەركەوتنی زیپكە لە سەرووی روومەت  و هەندێك جاریش دەبێتە هۆی تەقانی ملوولەی خوێن لەو شوێنانە هۆكارەكەشی جگەرەكێشان، رەبو، حەساییە یان هەوكردنی  سییەكانە.
 ئەوەی دەبێت بكرێت :

1 - دووركەوتنەوە لە جگەرەكێشان یان بەركەوتنی دووكەڵی جگەرە.
2 - وەرزشكردن.
3 - دووركەوتنەوە لە شوێنی پیس.
4 - گۆڕینی بەرگی سەرین بەلانی كەمەوە هەفتەی جارێك و سڕینەوەی مۆبایل بە دژە بەكتریا.
5 - خوارنی ئەو خواردنانەی بۆ تەندروستی سییەكان باشن وەكو شێلم و كولەكە.

- زیپكە لە خوارەوەی روومەت
 پەیوەندی بە زمان و ددانەكانەوە هەیە
ئەوەی دەبێت بكرێت :
 
1 - پاراستنی تەندروستی ددانەكانە لەرێگەی پشكنینیان هەر شەش مانگ جارێك.
2 - دەبێت میوەی تازە، گەنم، برنجی ئەسمەر لەنێو سیستمی خواردنتدا جێگەی بكرێتەوە.
3 - دووركەوتنەوە لە خواردنی ئامادە و خواردنەوەی گازی و شەكر.
4 - دووركەوتنەوە لە خواردنی مانگۆ، سێوی بن ئەرزە، مەی و بەرهەمە دەریاییەكان.


- زیپكە لە لاتەنیشتەكانی چەناگە
 پەیوەندی بە نەخۆشییەكانی هۆڕمۆن و ئەندامی زاوزێوە هەیە
ئەم حاڵەتە بەزۆری لای كچان بەدیدەكرێت بەهۆی ئەوەی كێشە لە هۆڕمۆنەكانیان هەیە و هەندێك جاریش بەهۆی ماندووبوونی جەستەیی و دەروونی و تێكچوونە هۆڕمۆنییەكان لە ماوەی سووڕی مانگانە پەیدادەبن.
ئەوەی پێویستە بكرێت:

1 - خواردنەوەی ئاوی سیواك، ریحانە، تووی سوور و چای سەوز، كە یارمەتی رێكخستنەوەی هۆڕمۆنەكان دەدەن.
2 - كەمكردنەوەی خواردن پێش نووستن.
3 - زۆر پشوودان، زوو نووستن و لە خەوهەستان.
4 - پێویستە هەر رۆژێك بۆ ماوەی 20 خوولەك وەرزش بكرێت و جەستە مەساجی بۆبكرێت.


- زیپكە لە ناوەڕاستی چەناگە
 پەیوەستە بە گەدە و ریخۆڵەكان بەهۆی خواردنی هەژار بە بەهای خۆراكیی یان حەساسییە بە خۆراك دروسدەبن.
 ئەوەی پێویستە بكرێت :
1 - زۆر ئاو خواردنەوە
2 - زۆر پشوودان.
3 - خواردنی رێژەیەكی زیاتر لە میوە و سەوزە و ئەو خواردانەی ریشاڵیان تێدایە.


- زیپكە لە مل و سنگ
 زیپكەی سەر سنگ بەهۆی ماندووبوونەوەیە، زیبكەی ملیش كاتێك دروست دەبن، كە جەستە لە شەڕدایە لە دژی هەوكردن.  ئەوەی پێویستە بكرێت :

1 - هەوڵبدرێت پاڵەپەستۆی دەروونی كەمبكرێتەوە.
2 - پۆشینی جلوبەرگێك كە جەستە تێیدا ئیسراحەتە.
3 - زۆر ئاوخواردنەوە، كەمكردنەوەی خواردنی ئەو خۆراكانەی ڤیتامین سی-یان تێدایە.