رووداو – daily mail
هۆكاری سەرەكی توشبوون بە نەخۆشی ئیبۆلا و بڵاوبوونەوەی بە جیهاندا منداڵێك بووە، كە لەنزیك دارێك لە گوندەكەی خۆیان لە وڵاتی گینیا لە ئەفریقا یاریدەكرد و ئەو دارەش شەمشەمەكوێرەی بەسەرەوە بووە.
كوڕێكی بچووكی تەمەن دوو ساڵ، كە زاناكان دەڵێن سەرچاوەی نەخۆشییەكە یان نەخۆشی ژمارە سفر، یەكەم كەس بوو، كە ئیبۆلای گرت و بەهۆیەوە گیانی لەدەست دا، دواتر ئەندامانی دیكەی خێزانەكەی و گوندەكەی تووشی نەخۆشییەكە بوون، تاوەكو بە زۆربەی وڵاتانی جیهان بڵاوبووەوە.
باوكی ئێمیل ئێتیان باسی كوڕەكەی دەكات و دەڵێت، كەسێكی رووخۆشبوو و لە 6ـی كانوونی یەكەمی ساڵی 2013 گیانی لەدەست دا.
ئێمیل لەژێر دارێك یاری دەكرد، ئەو دارەش شەمشەمەكوێرەی بەسەرەوە بووە، زاناكان دەڵێن بەجۆرێك لە جۆرەكان شەمشەمەكوێرەكان، كە هەڵگری ڤایرۆسی ئیبۆلابوون بەر ئێمیل كەوتوون.
باوكی كوڕەكە هەروەها دەڵێت، "كاتێك كوڕەكەم گەڕایەوە ماڵەوە، تا-یەكی بەهێزی تووشببوو، دواتر رشایەوە و تووشی سكچوون بوو و ماوەی چوار رۆژ بەم شێوەیە بەردەوامبوو و بەرەبەرە حاڵی خراپتر بوو تاوەكو گیانی لەدەست دا".
دوای كەمتر لە مانگێك (شەوی كریسمی) خوشكەكەی ئێمیلیش، بەهۆی هەمان نەخۆشییەوە گیانی لەدەست دا، دواتر دایكیشیان تووشبوو و مرد، ئەو كاتە نەخۆشییەكە لەنێو گوندەكە بڵاوبووەوە و سنوورەكانیشی بڕی.
نەخۆشی ئیبۆلا، تاوەكو 17ـی كانوونی یەكەم-ی 2014، زیاتر لە حەوت هەزار و 800 كەسی كوشتووە. پزیشكێكیش، كە لێكۆڵینەوەی لە گوندەكە كردووە بۆ دۆزینەوەی هۆكاری بڵاوبوونەوەی ئیبۆلا، دەڵێت " پشكنینمان بۆ بەشێكی زۆر لە گیانەوەرەكانی ئەو گوندە كردووە، كە بۆ یەكەم جار نەخۆشییەكەی تێدا بڵاوبووەتەوە و ئەوەی ئەگەری هەیە، كە نەخۆشییەكەی گواستبێتەوە شەمشەمەكوێریە، كە لەسەر دارەكانی ناوچەكە زۆرن".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ