سەرۆکی کۆریای باکوور ئامادەی دانوستاندنە

رووداو- هەولێر

سەرۆكی كۆریای باكوور ئامادەیی خۆی بۆ ئەنجامدانی دانوستاندن لەگەڵ كۆریای باشوور لە بەرزترین ئاستدا نیشاندا بۆ باشتركردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات.

كیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور لە وتارێكیدا بە بۆنەی ساڵی نوێوە، كە لە میدیا فەرمییەكانی كۆریای باكوورەوە بڵاوكرایەوە، رایگەیاند، دەسەڵاتدارانی كۆریای باشوور نیازپاكییەكی باشیان بۆ باشتركردنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ كۆریای باكووردا هەیە و بۆیە دەكرێت لەرێگەی دانوستاندنەوە لە بەرزترین ئاستی بەرپرسیارێتی دەست بە گفتوگۆ بكەین.

کیم جۆنگ ئون ئاماژەی بەوەشكردووە، كە ئەگەر كەشێكی لەبار بێتە پێشەوە، هیچ شتێك رێگر نابێت لە كۆبوونەوە لەگەڵ كۆریای باشوور لە بەرزترین ئاستی بەرپرسیارێتیدا.

دووشەممەی رابردوو كۆریای باشوور پێشنیازی دەستپێكردنەوەی دانوستاندنەكانی لەگەڵ كۆریای باكوور بۆ باشتركردنی پەیوەندییەكان كرد.