بۆ خۆپاراستن لە 'هەڕەشەکانی رووسیا' پۆڵەندا سنوورەکانی لەگەڵ بێلاڕووس تووندتر دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ 

پۆڵەندا سنوورەکەی لەگەڵ بێلاڕووس 418 کیلۆمەترە، حکومەت دەیەوێت سنوورەکانی تووندتر بکات و سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەش دەڵێت، تەنیا بۆ رێگری لە کۆچبەری نییە بەڵکو بۆ خۆپاراستنە لە "هەڕەشەکانی رووسیا" کە لەو سنوورانەوە لە وڵاتەکەی دەکات. 
 
هێمن عەبدوڵڵا، پێشکێشکاری بەرنامەی دیاسپۆرا رۆژی هەیینی، 1ـی ئاداری 2024 باسی تووندکردنەوەی سنوورەکانی پۆڵەندا بەڕووی کۆچبەران و لێدوانی سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتەی کرد لەبارەی هۆکاری تووندکردنەوەی سنووری وڵاتەکەی. 
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی بەرنامەی دیاسپۆرا، هەرچەندە حکومەتی پۆڵەندا گۆڕاوە، بەڵام سیاسەتی پاراستنی سنوورەکانی لەگەڵ بێلارووس نەگۆڕیوە و بڕیاری داوە سنوورەکان تووندتر بکاتەوە.
 
دۆناڵد توسک، سەرۆکوەزیرانی پۆڵەند رایگەیاندووە، رێوشوێنی تووندتر لەسەر سنوورەکانی وڵاتەکەی دەگرێتەبەر و "ئەمە تەنیا لەبەر کۆچبەری نییە، بەڵکو لەبەر نیازخراپیی رووسیایە کە دەیەوێت لە سنووری بێلاڕووسەوە هەڕەشە لەسەر پۆڵەند دروست بکات."
 
هاوکات، ئەڵمانیاش بڕیاریداوە تاوەکو نێوەڕاستی مانگی شەشی ئەم ساڵ کۆنترۆڵی سنوورەکانی لەگەڵ چیک و پۆڵەند و سویسرا درێژە پێبدات.
 
بەپێی یاساکانی یەکێتیی ئەوروپا سنوورەکانی نێوان وڵاتانی ئەندام لە یەکێتییەکە کۆنترۆڵ ناکرێن، بەڵام ئەڵمانیا و ژمارەیەک وڵاتی دیکە بۆ رێگەگرتن لە کۆچبەران ماوە ماوە خاڵی پشکنین لە سنوورەکان دادەنێن.