ترەمپ هێرشەکەی سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی لە دهۆک سەرکۆنە دەکات
رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و هێرشەکانی دیکەی سەر هەرێمی کوردستان دەکات.
رۆژی چوارشەممە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (X) بڵاویکردەوە، کە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکاوە پێگەیشتووە، کە تێیدا پەیامی سەرکۆنەکردنی تووندی دۆناڵد ترەمپیان بۆ هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان گەیاندووە.
بە گوێرەی پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، دۆناڵد ترەمپ بە تایبەتی ئاماژەی بەو هێرشە درۆنە کردووە کە کراوەتە سەر شوێنی نیشتەجێبوونی نێچیرڤان بارزانی لە شاری دهۆک و سەرکۆنەی کردووە.
هەر لەو پەیامەدا، نێچیرڤان بارزانی سوپاسی هاوسۆزیی سەرۆک ترەمپی کردووە بۆ دەربڕینی سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهیدان. هەروەها رێز و پێزانینی خۆی بۆ بەردەوامیی پشتگیرییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان دەربڕیوە.
دەقی پەیامە بڵاوکراوەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان:
پەیوەندییەکی تەلەفۆنیم لە باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا و نێردەی تایبەت تۆم باراک پێگەیشت، کە پەیامی سەرکۆنەکردنی تووندی سەرۆک دۆناڵد ترەمپیان بۆ هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان و هێرشی درۆن بۆ سەر شوێنی نیشتەجێبوونم لە دهۆک گەیاند.
پێزانینم بۆ هاوسۆزیی سەرۆک ترەمپ، سەرەخۆشییەکانی بۆ بنەماڵەی شەهیدان، و بەردەوامیی پشتگیرییەکانی ئەمریکا بۆ ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە.