گرووپی 7 بڕیاریدا تاوەکو 10 ساڵی دیکە دەستبەرداری بەکارهێنانی خەڵووز بێت
رووداو دیجیتاڵ
وەزیرانی ژینگەی وڵاتانی گرووپی حەوت (G7) کۆبوونەوە و ژمارەیەک بڕیاریان دا، لەوانە بڕیارێکی تایبەت بە بەکارهێنانی خەڵووز.
ئەو کۆبوونەوەیە لەکاتێکدا بوو، دۆستانی ژینگە دژی سیاسەتی حەوت وڵاتە پیشەسازییەکەی جیهان لە شاری (تیرین) لە ئیتالیا، خۆپێشاندانیان دەکرد.
گیلبێرتۆ پیچاتۆ فراتین، وەزیری ژینگەی ئیتالیا گوتی "خەڵووز، یەکێکە لە گەورەترین پیسکەرانی ژینگە. ئەگەر پێمان بکرێت، تاوەکو نیوەی یەکەمی دەیەی داهاتوو دەستبەرداری بەکارهێنانی خەڵوز دەبین."
ژاپۆن، یەک لەسەر سێی کارەبای لەڕێگەی خەڵووزەوە بەرهەمدەهێنێت. ئەڵمانیا بە رێژەی 27٪ و، ئەمریکاش بە رێژەی 16٪ کارەبای خۆیان لە هەمان رێگەوە بەرهەمدێنن.
گیلبێرتۆ پیچاتۆ فراتین، وەزیری ژینگەی ئیتالیا هەروەها رایگەیاند "دەمانەوێ بگەینە ئامانجەکانی رێککەوتنی پاریس، ئەوەش سنووردارکردنی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای زەوییە بە ئاستی 1 پلە و نیوی سیلیزی. سەرەکیترین ئەرکیش بۆ ئەو مەبەستە، کەمکردنەوەی دەردانی گازی دوانەی ئۆکسیدی کاربۆنە."
وڵاتانی ئەورووپی بەڵێنیان داوە تاوەکو 2030 دەردانی گازە زیانبەخشەکان بە رێژەی 58٪ کەمبکەنەوە، بەڵام گرووپی 7 دەڵێن، تاوەکو ئەو کاتە تەنیا دەتوانن بە رێژەی 19٪ بۆ 33٪ ئاستی دەردانی گازە زیانبەخشەکان کەمبکەنەوە.